پارتی لە کەرکووک: بەربژێرێکمان دەنگی یەکەمی پارێزگاکە بەدەستدەهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای کەرکووک دوو بەربژێری هەیە. رێگەپێدراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، بەربژێرێکیان دەنگی یەکەمی کەرکووک بەدەستدەهێنێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 07-10-2021، سامان رەشید، رێگەپێدراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو دواساتی رێگەپێدراو بەردەوامی بە بانگەشەکانیان دەدەن.
 
سامان رەشید گوتیشی، ئەوان وەڵامی خەڵکیان بۆ بانگەشەکانیان وەرگرتووە و باسی لەوە کرد، "کاتێک سەردان دەکەین و لەگەڵ هاونیشتمانیان گفتوگۆ دەکەین، زۆر خۆشحاڵ دەبین کە دەبینین خەڵک چەندە روومان تێدەکەن و پشتیوانیی لیستەکەمان دەکەن".
 
رێگەپێدراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک گوتی، هەردوو بەربژێرەکەیان سەردەکەون و دەشڵێت، "بەربژێرمان هەیە دەتوانین بڵێین دەنگی یەکەمی کەرکووک بەدەستدەهێنێت".
 
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کەرکووک 130 بەربژێر رکابەری بۆ بردنەوەی 12 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن. لەو بەربژێرانە 74یان سەر بە پارت و هاوپەیمانێتییەکانن و 56یان سەربەخۆن.
 
بەربژێرەکانی کورد لە کەرکووک ژمارەیان 28 بەربژێرە و بەم جۆرە دابەشبوون: هاوپەیمانیی کوردستان 7، نەوەی نوێ 3، پارتی دیموکراتی کوردستان 2، سۆسیالیست 2، زەحمەتکێشان یەک و بزووتنەوەی ئیسلامیی یەک. هەروەها 12 بەربژێری سەربەخۆی کورد هەن کە 11یان لە بازنەی یەکەم رکابەری دەکەن، لەگەڵ یەک بەربژێر لە بازنەی دوو.
 
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 10-10-2021 لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت، لە کەرکووک ملیۆنێک و 11 هەزار و 928 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.