دیندار زێباری: نزیکەی 400 کەس بە تۆمەتی تیرۆر لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان

07-10-2020
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن تیرۆر هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە رێککەوتننامەی پاراستنی هەموو کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 398 کەس بە تۆمەتی تیرۆر لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان.
 
 د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە وێنەیەکی گوتارەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە دەڵێت، "ساڵی 2020 ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر لەلای دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانن 461 کەسە کە 335 کەسیان عێراقی و 18یان بیانین."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە داوە،  398 کەس لە دەستگیرکراوەکان دادگایی کراون، سزایان بۆ دەرچووە و 48گومانلێکراویش لەبەر نەبوونی بەڵگە ئازاد کراون.
 
د. دیندار زێباری باسی لەوە کردووە، ئەو ئافرەت و نەوجەوانانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکرێن رەوانەی چاکسازییەکان دەکرێن.
 لە ساڵی 2020ـدا لە چاکسازییەکان 29 نەوجەوان و 23 ئافرەت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
 
زێباری ئەوەی خستووەتەڕوو، "لەبەر ئەوەی داعش بەشێک لەو منداڵانەی بۆ کردەی خۆکوژی بەکارهێناوە، بۆیە وەک قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تیرۆریست و هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانی کەسوکاریان و بەکارهێنانی مۆبایل، هەروەها بەرنامەیەکیش دانراوە بۆ بەردەوامبوونیان لە خوێندن."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەک دامەزراوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش، هەروەها دەستەیەک دانراوە ناوی "لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و چارەسەرکردن" بە مەبەستی بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و دەڵێت، "لەم رووە هەنگاوی زۆر نراوە بۆ تۆمارکردنی ئەو تاوانانە بەتایبەتی ئەوانەی دژی ئافرەتان کراون، هەر لەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە هەزار ئافرەت بە مەبەستی چارەسەر کردن نێردراون بۆ ئەڵمانیا."
 
هەروەها دیندار زێباری دەڵێت، سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتی بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانەوە پێکهێناوە. 
 
لە گوتارەکەی زێباریدا هاتووە، تاوەکو ساڵی 2019 زیاتر لە 1400 دەستگیرکراوی ناوچەکانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و حەویجە رادەستکراون و لە ساڵی 2020ـدا ژمارەیەکی دیکە رادەستکراون.
 
کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە خولی 19ی رێککەوتننامەی پاراستنی هەموو کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ دەبوو لە مانگی نیساندا سازبکرێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە دواخراو و لە 2020/10/05 لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کردووە و تاوەکو تشرینی یەکەمی 2020 بەردەوام دەبێت.
 
لە کۆبوونەوەکاندا دیندار زێباری کە گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە گوتی كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه‌ گه‌وره‌ترین قوربانیی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بووە، ئه‌مه‌ش خۆی لە بێسه‌روشوێنكردنی كورددا دەبینێتەوە.
 
 
وردەکاری ئەو راپۆرتەی لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشکرا:
 
- بێسه‌روشوێنكراوانی کورد:
 
20,000 کوردی فەیلی له‌ ساڵانی 1980-1990
 
 
ئه‌نفال كردنی 8000 بارزانی کە رووفاتی 596 شەهید گەڕێندراونەتەوە
 
182,000 كەس لە بادینان و گه‌رمیان ئەنفال کراون کە رووفاتی 2672 شەهید گەڕێندراونەتەوە
 
 
- گۆڕە بەکۆمەڵەکان
 
300 گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی بەعس کە روفاتی 2672 کەس گەڕێندراونەتەوە
 
83 گۆڕی بەکۆمەڵی دوای هێرشی داعش
 
 
- دوای هێرشەكانی داعش
 
رفاندنی 6,417 ئێزدی لەلایەن داعشەوە کە 1000 ئافرەت نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەرکردن
 
نزیكەی 200,000 کریستیان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە
 
لە 2017/04/03  تاوەكو 2017/07/18 250 کریستیان رفێندراون کە 82یان ئافرەتن و 168یان پیاو و، تائێستا  76 کریستیان رزگار نەكراون کە ژمارەیەکیان ئافرەتن
 
 
- ژمارەی دەستگیرکراوان
 
لە نێوان ساڵانی 2014 و 2018دا زیاتر لە 2652 کەس دەستگیرکران
 
1100 کەسیان تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا ساخ بووەتەوە
 
بە ماوەی سێ ساڵ و زیندانیی تاهەتایی سزادراون
 
870 کەسیش ئازاد کران
 
لە شەش مانگی کۆتایی 2017دا نزیکەی 790 کەس دەستگیرکراون
 
279 کەسیان ئازاد کراون بەهۆی نەبوونی بەڵگە
 
27 کەسیان سزایان بۆ دەرچووە
 
- ئافرەت و نەوجەوانانی دەستگیرکراو بە تۆمەتی تیرۆر
 
لە 2017/07/01 تاوەکو 2018/02/14 
194 كەس دەستگیرکراون کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە
 
لەنێوان ساڵانی 2014 و 2018دا زیاتر لە 260 ئافرەت دەستگیرکراون 
41 کەسیان دوای رێوشوێنی یاسایی ئازاد کراون
 
 
- گیراوانی تۆمەتی تیرۆر لە 2020دا
 
461 کەس 
کە 335ـیان عێراقی
18یان بیانی
398کەسیان دادگایی کراون و سزایان بۆ دەرچووە
48 گومانلێکراو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کراون
 
29 نەوجەوان لەنێو گیراوەکاندان
23 ئافرەت لەنێو گیراوەکاندان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو بژمێر لە کەرکووک خێزانێک لە سەرژمێری تۆمار دەکەن. وێنە: رووداو

کوردانی کەرکووک لە ئەورووپاوە بە لێشاو گەڕاونەتەوە بۆ بەشداری لە سەرژمێری

ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دیاسپۆرانشین بۆ خۆتۆمارکردنیان لە پرۆسەی سەرژمێری گەڕاونەتەوە کەرکووک. دیار کوێخا یەکێکە لەو کوردانە کە 20 ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بۆ سەرژمێری گەڕاوەتەوە