مامۆستایەک لە شنگال: لە هەندێ قوتابخانە قوتابیی پۆلی یەک تۆمارنەکراون

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زمانی کوردی لە شنگال دەڵێت، گرفتی دانەمەزراندن و کەمیی قوتابخانەکان لە سنوورەکە، بوونەتەوە هۆی ئەوەی بەشێک لە قوتابیان داوای گواستنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی بکەن، گوتیشی ''لە هەندێ قوتابخانە، ناوی قوتابیی پۆلی یەک تۆمار نەکراوە.''
 
ئەمڕۆ (شەممە، 07-09-2024) نزار شنگالی، مامۆستای زمانی کوردی لە شنگال لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵەتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەسەر رەوشی خوێندنی کوردی رایگەیاند، ''ئێستا بۆ خوێندنی کوردی لە شنگال، بەرەوڕووی گرفتی زۆر دەبینەوە.''
 
نزار شنگالی گوتی، گرفتی سەرەکیی پەیوەست بە خوێندنی کوردی لە شنگال، نەبوونی قوتابخانەیە لە ئاستی پێویستدا، ''لە هەندێک لە قوتابخانە کوردییەکان، 600 بۆ 700 قوتابی لە شەش پۆلدا دەخوێنن.''
 
ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی ئاماژەی بەوە کرد، دوای گەڕانەوەی خەڵک لە کامپەکان بۆ شنگال، ژمارەی قوتابیان زیادیکردووە، بەڵام ژمارەی قوتابخانەکان هەر وەکو پێشوو ماوەتەوە.
 
بەگوتەی نزار شنگالی جیا لە قوتابخانە، خوێندنی کوردی لە شنگال پێویستی بە دامەزراندنی مامۆستا و کارمەندی پەروەردەیە؛ گوتیشی، ''لە ساڵی 2013ـوە هیچ کەسێک لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانەمەزراوە، نە وەکو مامۆستا، نە وەکو فەرمانبەر.''
 
وەک ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی دەڵێت، کەمیی مامۆستا و قوتابخانە بۆ خوێندنی کوردی، هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابیی پۆلی یەکی سەرەتاییان نەبێت، ''هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە قوتابیان داوای گواستنەوە بۆ قوتابخانەکانی خوێندنی عەرەبی دەکەن.''
 
لە سنووری پەروەردەی شنگال نزیکەی 70 قوتابخانەی کوردی هەن و بەشێکیان لە کەمپەکاندان، نزار شنگالی ئەوەشی خستەڕوو، ''لە کامپەکاندا لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە ژمارەیەک قوتابخانە دروستکراون، بۆیە دۆخی کامپەکان لە رووی قوتابخانەوە باشترە.''
 
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1130 مامۆستای وانەبێژ (کە ئێستا گرێبەستیان بۆ کراوە) پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن، هەروەها نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی لە نزیکەی 70 قوتابخانەکە دەخوێنن.