بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: 20 بۆ 30 قوتابخانە سێ دەوامین

07-09-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن خوێندنی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت: 22ـی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکەن. بەڵام ''گرفتی کەمیی قوتابخانەمان هەیە و نزیکەی 20 بۆ 30 قوتابخانە سێ دەوامیان تێدا دەکرێت." 
 
ئەمڕۆ (شەممە 07-09-2024) کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''سەرەڕای پاڵپشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی کوردی، لە کەرکووک گرفتی زۆرمان هەیە.''
 
کامەران عەلی گوتی ''هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن کتێبی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ شاری کەرکووک نارد. ئەم هەفتەیەش نزیکەی هەزار و 100 مامۆستای وانەبێژمان بۆ دامەزراوە.''  
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئاماژەی بەوە دا، کەمیی باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان گرفتی سەرەکیی خوێندنی کوردییە لە کەرکووک، کە "پەروەردەی گشتی و حکومەتی عێراق لێیان بەرپرسیارە." گوتیشی، ''لە زۆربەی گەڕەکە کوردنشینەکان، بەهۆی نەبوونی باڵەخانەوە، قوتابخانەکان سێ دەوامین."  
 
 
بەگوتەی کامەران عەلی ''نزیکەی 20 بۆ 30 قوتابخانەی خوێندنی کوردی سێ دەوامین، بەڵام لە گەڕەکی تورکماننشین و عەرەبنشینەکان ژمارەی قوتابخانەکان زیاترە و لە پلانی دروستکردنی قوتابخانەدا ئەو جیاوازییە دەبینرێت.''  
 
قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن. کامەران عەلی گوتی، ''ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک نەبێت، 22ـی مانگ زەنگی کردنەوەی قوتابخانەکان لێدەدەین.'' 
 
خوێندنی کوردی لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 100 هەزار قوتابی لە 555 قوتابخانەدا هەیە؛ نزیکەی 9000 فەرمانبەر و مامۆستاش لە بەشەکەدا دەوام دەکەن. 
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دامەزراندنی مامۆستای نوێ ''چاومان لەو 7 هەزار گرێبەستەیە کە بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابمەزرێن.'' 
 
لەکۆی 150 هەزار پشکی دامەزراندن کە لە بودجەی 2024ـی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، لە کەرکووک 7304 کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن. کامەران عەلی گوتی، ''لەو ژمارەیە نزیکەی هەزار و 400 کەسیان وەک مامۆستا لە بەشی پەروەردە دادەمەزرێن کە بەشێکیان تایبەتن بە خوێندنی کوردی.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی ژینگەی هەولێر.

زیاتر لە 190 پاڵاوگەی نایاسایی ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن

مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.