حدکا: مانەوەی بێهزاد خوسرەوی لە سلێمانی یاسایی بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی تەشکیلاتی حدکا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی یەکێک لە ئەندامەکانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە ئێران دەڵیت، "بێهزاد خوسرەوی لەگەڵ دایک و خوشکی زیاتر لە 10 ساڵە لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێچەوانەی راگەیێندراوی ئاسایشی سلێمانی، مانەوەیان لەو شارە یاسایی بووە."
 
ئەمڕۆ شەممە 07-09-2024 ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) سەبارەت بە رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی، یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو حیزبە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ئێران، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، ئەو هاونیشتمانییە "لە دوو هەفتەی رابردوودا لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سلێمانی دووجار بانگ کراوە و جاری دووەم دوای چەند رۆژ بەندکردن و راگرتن، رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە."
 
دوێنێ هەینی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاووڵاتی بێهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی نییە و (ئەو بابەتە) پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە نییە."
 
بەگوێرەی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، "پێچەوانەی ئەوەی لەو راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان یاسایی و بەپێی رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ماوەی 7 ساڵە بێهزاد و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانن و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو رووینەداوە کە لە دادگەیەکدا سەلمێنرابێت."
 
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات و باس لەوە دەکات، دەبووایە "دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبووایە بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابووایە، نەوەک ئەوەی ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە رادەست بکرێتەوە."
 
ناوەندی تەشکیلاتی ئەو حیزبە سیاسییە، "وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە رووداوەکە، داوای زانیاری و روونکردنەوەی زیاتر لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکان و بەدواداچوونی یاسایی" بۆ بابەتەکە دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو، بێهزاد خوسرەوی بە خواستی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و "بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی پێ واژۆ کرد" و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەکە، رێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێ کراوە.
 
بێهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لە سەقز لەدایکبووە و لە 2014ـەوە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو و فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.
 
هێزە ئەمنییەکانی سنە رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 پەیوەندییان بە برای بێهزاد خوسرەوی کردووە کە نیشتەجێی شاری سەقزە و هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوە و پێیان گوتووە، لە سنە راگیراوە و دەدرێتە دادگە.