هەڵمەتی رووداو بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە جیهان دا رێزی لێگیرا

07-09-2023
نیشانەکردن ئۆتیزم تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو – واشنتن 

کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی بڕوانامەیەکی دەستخۆشی و پێزانین دەداتە تۆڕی میدیایی رووداو. لە بڕوانامەکەدا هاتووە ''تۆڕی میدیایی رووداو پابەندە بە دروستکردنی پەیوەندی و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئۆتیزم بە سەرچاوەی پێویست بۆ ئەوەی باش بژین". 
 
بڕوانامەکە لەلایەن کریستۆفەر بانکس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و، ترەیسی ستاڵی، سەرۆکی بۆردی کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکییەوە واژۆکراوە. 
 
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین کۆمەڵەکانی داکۆکیکردن لە مافی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە ئەمریکا و جیهان. ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1965 لەلایەن بێرنارد ریملاند و ئیڤار لۆڤاس دامەزراوە و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری رۆکڤیڵە لە ویلایەتی مێریلاند.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی هەفتەیەکی مانگی ئابی رابردوودا (7 بۆ 14ـی ئابی 2023)، رووماڵێکی گەورە و فراوانی لەسەر ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان کرد. رووماڵەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەیان چیرۆکی ژیانی پڕ زەحمەتی و ژیانی سەختی منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانی گەیاندە بینەران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جیهان. 
 
دوو بەرنامەی لەگەڵ رەنج لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای دهۆک ئەنجامدران و دایکان و باوکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم چیرۆکەکانی خۆیان گێڕایەوە. لەنێو بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە سلێمانی، ئاشنا ئاری، دایکی منداڵێکی ئۆتیزم گوتی ‏"ژیانی خۆم ‌و مێردەكەم فەوتاوە"‏. ئاشنا لە بەرنامەکەدا روودەکاتە میوانەکان و بە دەنگێكی كەمێك بڵند ‏دەڵێت "بابەتەكە زۆر قوڕبەسەرییە بۆ بەهێمنی باسی دەكەن، خێزان هەیە ‏منداڵەكەیان لە ماڵەوە بە محەجەرەیەكەوە بەستووەتەوە، ئەگەر شوێنێك هەبێت بۆ ‏راهێنان ‌و هێمنكردنەوەیان ،چۆن شتی وەها روودەدات!"‏

 

 

 

 
جگە لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بەرنامەی (بەرپرسیار)، هەروەها چەندین بڕگە و بەرنامەی تایبەتی مەیدانی دکتۆر لۆنا، پۆدکاست، بووڵتەنی تەندروستی و بووڵتەنی دیکەی تایبەت بە پێویستیی منداڵانی ئۆتیزم لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرانەوە.

 

 
رووماڵەکەی رووداو بۆ دۆخی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە نێوخۆ و دەرەوەش هەبوو. کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکی وەک یەکێک لە گرنگترین کۆمەڵەکانی هاوکاریکردن و پاراستنی مافی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لە جیهان، ستایشی رۆڵی رووداو دەکات لەو بوارەدا. 
 
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگشتی 3،489 كەس لە كوردستان ئۆتیزمیان هەیە. ‏زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن كە 1400 كەسن ‌و، دواتر لە پاریزگای سلێمانی   1214‎ کەس ‏ئۆتیزمیان هەیە، لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 875‏ كەس ئۆتیزمی هەیە. 
 
بەپێی قسەی ‏د. ناجی عەلی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی ‏‏كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو كەسانەی ئۆتیزمیان هەیە 385ـیان مووچەیەكی 150 هەزار ‏دینارییان هەیە کە دەکاتە 100دۆلاری ئەمریکی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە