شەقامی گەڕەکی شۆراو لە کەرکووک بەهۆی مانگرتنی عەرەب و تورکمان وێرانبووە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خۆپێشاندانی مانگرتووانی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک و داخستنی رێگەی سەرەکی، شەقامەکانی نێو کۆڵانی گەڕەکی شۆراو تێكچووە و زیانی زۆری پێگەیشتووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، هەندێک شوێن هەیە تاوەکو 20 سانتیمەتر چاڵ بووە.
 
محەممەد حوسام، دانیشتووی گەڕەکی شۆراو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک شوێنی لێیە زۆر زۆر چاڵ بووە، 20 سانتیمەتر قیرەکە دابەزیوە، ئێستا هاوینە و دیار نییە، زستان کە باران ببارێت ئەوەی هەیەش تێکدەچێت، ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت، هەمووی تێکدەچێت."
 
بەهۆی داخستنی رێگەکانەوە زیاتر لە 15 کۆڵان و شەقامی شۆراو تێکچوونە. شارەوانیی کەرکووک هەڵمەتی چاککردنەوەی ئەو رێگە خراپبووانەی دەستپێکردووە کە لەو چەند رۆژەی داخستنی رێگەکان زیانیان بەرکەوتووە. هەندێک شوێن چاکسازییان تێدا دەکرێت، بەڵام هەندێک شەقام بە تەواوی تێکدەدرێن و کۆنکرێت یان قیرتاو دەکرێنەوە.
 
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "تیمەکانمان راسپارد بۆ چاککردنەوەی زۆربەی ئەو جێگەیانەی کە تێکچووبوون، ئێستا لەم شەقامە ئیش دەکەین، هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ تەواو دەبێت و تەنیا ئێرە نییە، شەقامی دیکەشمان هەیە بەهەمان شێوە تێکچووە و چاکی دەکەینەوە."
 
گۆڕینی ئاراستەی رێگەکان و هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکییەوە بۆنێو کۆڵانەکان بەهۆی مانگرتنی شەش رۆژی لایەنە عەرەبییەکان لە بەرامبەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە کوردانی کەرکووکی تووڕە کرد و خۆپێشاندانی 2ـی ئەم مانگەی رەحیماوای بەدوادا هات.