رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی کانی لە سۆران، خێزانێکی هەشت کەسی لەژێر خێوەتێکدا دەژین کە بە نایلۆن داپۆشراوە. خاوەن ماڵ پیشمەرگەیە و پێشتر کرێچی بووە، بەهۆی نەبوونییەوە خانووەکەی چۆل کردووە. سەرەڕای هەژاری و کەمدەرامەتی، ویستوویەتی ژوورێک لە جێی ئەو نایلۆنە دروستبکات، بەڵام دەڵێت، رێگەی پێنەدراوە.
حوسێن کەریم، خاوەن ماڵ بە رووداوی گوت، "لە 20ی مانگی 6ـەوە لەژێر ئەو چادرەم تائێستا، دووجار چوومەتە ناحیە و دوو جاریش چوومەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وێنەی دۆخی ژیانی خۆم پێشاندان و تائێستا بێ وەڵامن."
بەم هاوینە ئەو چادرە شوێنی خەوتن، خواردن و مانەوەی ئەو خێزانەیە. ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن و مەگەر تەنیا دایکی ئەو منداڵانە لە سەختییەکەی تێبگات.
شاناز محەممەد، ژنی ماڵەوە بە رووداوی راگەیاند، "لێرە لەبەر سێبەر دادەنیشتین و ئینجاش جلەکانمان تەڕ تەڕ دەبوون لەبەر ئارەقکردنەوە، منداڵی پۆلی 12ـەمان هەیە و لێرە لەبن ئەو چادرە وانەی دەخوێند لەبەر گەرما، زۆر ناخۆشە لەناو ئەو تۆز و خۆڵە، با رۆژێک ئەو بەرپرسانە بێنە ئێرە، رۆژێک نا کاژێرێک ئایا دەتوانن لێرە بژین! ماڵ و منداڵیان دەتوانن لە چلەی هاوین لەناو تۆز و خۆڵ بژین؟".
ئەو پارچە زەوییەی ئەو ماڵە سادەیەیان لەسەر داناوە، چەند ساڵێک پێشتر کڕیویانە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە خانووی لەسەر دروستبکات.
رووداو ئەو کێشەیەی بردە لای لایەنی پەیوەندیدار. خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت، "لەم هەفتەیە نزیکەی 20 کەیسی هاوشێوەمان یەکلاکردووەتەوە کە پەسەندکراون، ئەو کەیسە پێویستە بەرزی بکەینەوە بۆ سەرووی خۆمان بۆئەوەی بتوانین رەزامەندی بۆ وەربگرین و هاوکاریی جیددی دەبین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەی بۆ چارەسەر بکەی."
لە سنووری ئیدارەی سۆران هاونیشتمانیی دیکەش هەن لە چاوەڕوانیی کارئاسانیی زیاتر و کەمکردنەوەی باج و پێبژاردنەکانن تاوەکو بتوانن ببنە خاوەن خانووی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ