باڵیۆزی ئێران سوپاسی گەل و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات

07-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی گەل و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد بەهۆی ئەو میواندارییە باشەی کە بەرامبەر زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنیان کرد. 
 
بەپێی هەواڵێک، کە لە تەلەگرامی کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بڵاوکراوەتەوە، رۆژی چوارشەممە، 6ی ئەیلوولی 2023، محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان کردووە.
 
لە پەیوەندییەکەدا، محەمەدکازم ئال سادق، بەهۆی ئەو میوانداری و میوانپەروەرییە باشەی کە لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنیان کرا و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی زیارەتکاران کرا، سوپاسی گەل و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی باڵیۆزی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئیمام حوسێن موڵکی هەموو لایەکە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی خزمەتی زیارەتکارانی (ئیمام حوسێن) بکات.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، باڵیۆزی ئێران و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لە فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارێکدا کردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە