نزیکەی 100 فیتەری ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش دووکانەکانیان دادەخەن

09-09-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش
ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش
نیشانەکردن بەردەڕەش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەبکردنی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش بووەتە مایەی ناڕازیبوونی کاسبکاران، بەو هۆیەوە نزیکەی 100 فیتەر دەرگای دووکانەکانیان داخستووە.
 
مەولوود یەکێکە لە فیتەرەکانی ناوچەی پیشەسازییەکە و دەڵێ هەفتەیە نەیتوانیوە کاربکات، چونکە ئۆتۆمبێلەکان ناگەنە بەردەستیان، کارنەکردنشی لەکاتێکدایە ژیانی سێ خێزانی لەسەرە.
 
مەولوود ئەحمەد، فیتەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "داهاتمان بەڕێژەی 80٪ کەمیکردووە و خەڵکێکی زۆر لەکار وەستاوە، پێش ئێستا ناوچەی پیشەسازی هەمیشە قەرەباڵخ بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد، کار وەستا."
 
کاسبکارانی ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش گازەندەی ئەوە لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەن؛ کارەکانی بە خاوی دەکات و ئامێری پێویستی نەهێناوە بۆ کارکردن، بۆیە داوادەکەن پڕۆژەکە بەخێرایی جێبەجێبکرێت تاوەکو کاریگەریی زیاتر لەسەر داهاتیان دروست نەکات.
 
ئەحمەد مونیب، فیتەرێکی دیکەیە و دەڵێ "چوار، پێنج مانگە ئەو شەقامە هەر وایە، بەبێ ئەوەی دەستکاری بکرێت، ئەگەر بێشن دەستکارییەکی دەکەن و دەڕۆن، سەیرکەن، ئێرە یەک مەتر بەرزە و لەبەرئەوە هیچ ئیشێک ناکرێت."
 
فیتەرێکی دیکە بەناوی نەزیر جوبرائیل دەڵێ "دەمانەوێت کارەکە بەزوویی بکرێت تاوەکو باران نەهاتووە، دەمانەوێت قەلابە و ئالیات بهێنن و زیادی بکەن و بەجوانی کارەکەیان بکەن، نەوەک دوو رۆژ کاربکەن و سێ رۆژ جێیبهێڵن."
 
لەبەرامبەردا، کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێ دووکانداران هاریکار نین لەگەڵیاندا و بە ئۆتۆمبێلەکانیان هاتووچۆ دەکەن و ناهێڵن ئەوان کارەکانیان بکەن.
 
بارزان عەبدولسەلام، نوێنەری کۆمپانیاکەیە و دەڵێ "قەرەباڵخییە بەهۆی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەگەر دووکانەکانیان دابخەن،  بە ماوەی مانگێک یان دوو هەفتە کارەکانمان تەواو دەکەین."
 
هێشتا ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە تەواو نەبووە، بۆیە شارەوانیی بەردەڕەش ناتوانێت رێکار بەرامبەر کۆمپانیاکە بگرێتەبەر، سەرەڕای ئەوەش چەندین جار داوای کردووە کارەکانیان بەخێرایی بکەن.
 
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت "لیژنەی سەرپەرشتیی پڕۆژە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەردەرەش و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیی دهۆک هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن فشارێک لە کۆمپانیاکە بکەن تاوەکو پەلە لە ئیشەکەیاندا بکەن، لەبەرئەوەی پەیوەستە بە بژێویی ژیانی رۆژانەی پیشوەرانەوە."
 
پڕۆژەی سەبکردن و دروستکردنی زێرابی ناوچەی پیشەسازیی بەردەڕەش بەگوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار دەستیپێکراوە و ماوەی جێبەجێکردنی 375 رۆژە، هێشتا حەوت مانگ بۆ جێبەجێکردنی ماوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.