لاس و رۆی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی 'ڤیدیۆی نەشیاو' دەستگیرکراون

07-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێکی راوێژکار رایدەگەیێنێت، سکاڵای یاسایی دژی "کچە مۆدێل و ئەوانەی شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدەن" تۆمار دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا بە هەواڵدەریی ئەوان دوو کەسی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی لاس هاوتا و رۆی مەیکەپ کە کوڕن و بە جلوبەرگ و رووخسار خۆیان وەکو کچ پێشاندەدەن، دەستگیرکراون. گوتەبێژی وەزارەتی دادیش دەڵێت، بە فەرمانی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەو دوو کەسە جوڵێندراوە.
 
ئەحمەد هاوتا ئەسعەد، ناسراو بە لاس و رێناس فازڵ ناسراو بە رۆی مەیکەپ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن و وێنە و ڤیدیۆی جۆراجۆر بڵاو دەکەنەوە؛ ئەو دووگەنجە جلوبەرگی کچان لەبەردەکەن و شێوەی رووخسار و لەشولاریشیان هاوشێوەی کچان لێدەکەن؛ بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی "نەشیاو" دەستگیرکراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ مافپەروەر شوان سابیر کەمپەینێکمان راگەیاندووە بۆ سکاڵاکردن لە هەموو ئەو کەسانەی کولتووری کۆمەڵگەیان تێکداوە، لەنێویاندا لاس و رۆی مەیکەپ دەستگیرکراون."
 
ئەو پارێزەرە دەڵێت، ئەوان وەکو هەواڵدەر لە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسایەتییەی سۆشیاڵمیدیا بەشداربوون و کەسەکان لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی دەستگیرکراون. گوتیشی: "هەڵمەتەکەمان دژی کچە مۆدێلەکان و هەموو هاوشێوەکانی لاس و رۆی بەردەوام دەبێت و سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین. ئەوانە شیرازەی کۆمەڵگە و خێزانی کوردیی دەشێوێنن؛ زیان بە کۆمەڵگە دەگەیێنن."
 
ئاسۆ هاشم ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو کەسە دیارەکەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بنکەی پۆلیسی خانەقاوە لە شاری هەولێر دەستگیرکراون.
 
لەبارەی دەستگیرکردنی لاس و رۆی، ئەمڕۆ پێنجشەممە نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی داد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دۆسیەیە بە فەرمانی سەرۆکی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان جوڵێنراوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دۆسێکە دادگە رێکاری یاسایی خۆی گرتووەتەبەر و ئەوان تاوەکو بڕیاری دادگە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر کەیسەکە نابێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر

کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر: 20 هاووڵاتیمان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد کران

سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونیان و رەزامەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، 20 زیندانیکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئازاد کران. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، 13یان حوکم درابوون