نێچیرڤان بارزانی: بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە پێویستمان بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

07-09-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەریتانیا لە شەڕی دژی داعش هاوکاری و پشتگیری پێشكێش بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و جەختیشی لە "پێویستیی" بەردەوامبوونی هاوکاریی ئەو وڵاتە لە "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-09-2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ‏پێشوازى له‌ مارشال سامى سامپسۆن، راوێژكارى باڵاى سه‌ربازيى به‌ريتانيا بۆ رۆژهه‌ڵاتى ‏نێوه‌ڕاست و باكوورى ئەفريقا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏ 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان بڵاویکردووەتەوە، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ‏سياسيى عێراق، "مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر" و "جموجووڵه‌كانى داعش"، هەروەها پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێكران.‏
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بەریتانیای کردووە کە رۆڵیان هەبووە لە پێشکێشکردنی هاوکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و جەختیشی لە پێویستیی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبوارە کردووەتەوە بۆ "نەهێشتنی مەترسییەکانی تیرۆر" و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

 

 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عێراق کراوە و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتن و رێککەوتن ئاڵنگاری و سەختییەکانی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن و ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی بۆ وڵات بەدیبهێنن. هەروەها جەختیشیان لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە كۆنسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ‏دراوسێ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شاندە سەربازییەکەی بەریتانیا بووە.

 

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ـی ئەفسەران و خولی 16ـی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ـی قەڵاچوالان لە رۆژی 22-05-2022 باسی لە پێویستیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، "بۆئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن کە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حیزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە، هەڵدەوەشێتەوە."
 
لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکران، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری2017 پرۆسەکەی دواخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا، لەوکاتەوە کە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بوون، هێشتا هێزەکان بە تەواوەتی یەکنەخراونەتەوە.
 
لەو گوتارەیدا نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی لە یەکنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەکاندا و گوتی "وایکردووە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ کار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتییان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی خەڵکی ئەم وڵاتە بکات." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.