دەیان هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەکانی باشووری کوردستانەوە دەچنە کەربەلا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەیان هەزار زیارەتکاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوو دەروازەی نێودەوڵەتییەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان و لێرەوە دەچنە نەجەف و کەربەلا؛ پارێزگارەکانی هەولێر و سلێمانی دەڵێن، ئامادەکاری پێویستیان کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش دەڵێت، ئاسانکاری بۆ زیارەتکاران دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن کە حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخانن؛ ئەمساڵ و بۆ یەکەمجار، لە دوو دەروازەیانەوە کە حاجی ئۆمەران و باشماخن پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەکرێت؛ دەروازەکەی دیکە بەهۆی نزیکبوونی لە دەروازەی مونزرییەی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە پێشوازی لە زیارەتکاران ناکات. هاتنی زیارەتکاران ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمیی دەستپێدەکات: 
 
هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە لە پارێزگای هەولێر
 
رۆژی سێشەممە 06-09-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە حاجی ئۆمەران، سۆران و شاری هەولێر شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتکارانی شیعە ئامادەکراوە؛ جگە لە شوێنی حەوانەوە، خواردنەوەی (چا، شەربەت و قاوە) بێبەرامبەرە. 
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "رۆژی چوارشەممە خۆم سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەم و پارێزگاری ورمێش ئامادە دەبێت و لە رێورەسمێکدا پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەین کە رۆژانە 20-25 هەزار کەس لە دەروازەکە دێنە نێو هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ کەربەلا بەڕێدەکرێن." 
 
هاوکات، نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شوێنی حەوانەی زیارەتکاران لە هەولێر، پێشەنگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت.
 
نەریمان فازڵ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیارەتکارانەی بە رۆژ دەگەن دوای پشوویەکی کورت هەولێر جێدەهێڵن؛ ئەوانەشی شەو دەگەن، شەوەکە دەمێننەوە و شوێنی مانەوەیان لە هەمان جێگە بێبەرامبەر بۆ دابینکراوە.
 
لە شوێنی مانەوەی زیارەتکاراندا، جگە لە دەستشۆر و ئاوی خاوێن، چەند رێستۆرانتێک، کۆشک بەشێوەی کاتی دادەنێن بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران.
 
هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی باشماخەوە 
 
رۆژی سێشەممە 6-9-2022، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی باشماخەوە کراوە. گوتیشی: "سەرجەم رێوشوێنە پێویستییەکان بۆ زیارەتکاران گیراونەتەبەر." 
 
هاوکات، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکەن رۆژانە لە نێوان 2000 بۆ 7000 کەس بەگوێرەی رۆژ لە دەروازەکەیانەوە بێنە نێو هەرێمی کوردستان و دواتر سەردانی نەجەف و کەربەلا بکەن. 
 
گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیانتوانیوە ئامادەکاریی بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران بکەن؛ ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "هیچ بودجەیەکمان لەبەردەست نییە؛ کە هیچ پارە نەبێت چۆن بتوانین ئامادەکاری بکەین؟"
 
لە پەروێزخانەوە زیارەتکار نایێن
 
عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رۆژی سێشەممە 6-9-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێران دەروازەی مونزریەی تایبەت کردووە بە زیارەتکارەکان کە چەند خولەکێک لە ئێمەوە دوورە؛ لەبەر ئەوە هیچ هاتووچۆیەکی زیارەتکاران لە دەروازەکەمانەوە نابێت و ئەوەی دەبێت هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانییە وەکو رۆژانی ئاسایی." 
 
ئاسانکاری بۆ زیارەتکاران دەکرێت
 
عەبدوڵلا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران، رۆژی سێشەممە 6ـی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکاری زۆر کراوە بۆ ئەوەی زیارەتکاران دوانەکەون و زوو بگەنە شوێنی مەبەست؛ گوتیشی: "ئەگەر کەسانێک پاسپۆرتیان بەسەرچوو بێت، هاوئاهەنگی کراوە کە بە بەڵگەنامە داخڵ ببن؛ ئەوانە ژمارەیان زۆر نییە و بەبێ هاوئاهەنگیش ناتوانن بێنە نێو هەرێمی کوردستان." 
 
هەروەها، دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەر سنوورێکەوە زیارەتکاران بێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئەو شوێنە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ئاسانکارییان بۆ دەکات؛ ئێمە هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی زیارەتکاران و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەگرینەبەر." 
 
رۆژی یەکشەممە 04-09-2022، نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی هەردوو دەروازەی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە، زیارەتکاران لە پارێزگاکانی باکووری رۆژژئاوای ئێرانەوە دەپەڕنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکان کراون." 
 
کۆنسوڵی ئێران گوتیشی: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، هەموو هاوکارییەکمان دەکەن بۆ ئەوەی زیارەتکاران بێ کێشە بەرەو شوێنی مەبەست بڕۆن." 
 
هاوکات، محەممەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ بە میدیای ئێرانی راگەیاند: "ئەوە یەکەمجارە لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی تەمەرچین [حاجی ئۆمەران]ـەوە زیارەتکارانی کەربەلا دەچنە نێو خاکی عێراقەوە و ئەوەش پێویستی بە کۆمەڵێک چاکسازیی بنچینەیی بوو بۆ ئەوەی بتوانین رۆژانە پێشوازی لە لانیکەم 20 هەزار زیارەتکار بکەین." 
 
موعتەمیدیان باسی لەوەش کرد کە "لە هەموو شارەکانی پارێزگای ورمێوە تێرمیناڵ و پاسەکانمان راسپاردوون بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زیارەتکاراندا هاوکارمان بن و هیچ کێشەیەک بۆ گواستنەوەیان دروست نەبێت؛ لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش، ژمارەیەک بەنزینخانەی گەڕۆکمان دابینکردووە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو زیارەتکارانە." 
 
رێککەوتن لە نێوان هەولێر و ورمێ 
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەراندا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی 16 خاڵییە کە لەنێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ واژۆ کراوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆتایی ساڵی 2021 وەکو شاندی پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای ورمێمان کرد و لەگەڵ پارێزگاری ورمێ رێککەوتنێکی چەند خاڵیمان واژۆ کرد؛ لە مانگی شوباتی رابردوودا شاندێکی پارێزگای ورمێ سەردانی هەولێریان کرد و رێککەوتنەکەمان فراوانتر کرد کە 16 خاڵی لەخۆگرتووە."
 
چلەی حوسێنی کوڕی عەلی 
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە کوژران. 
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە ملیۆنێک لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.