رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لێژنەی دارایی و كاروبارى ئابوورى پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند داوایەکیان ئاڕاستەی وەزیری دارایی و بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بەڕێوەبەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی یاسای چاکسازییەوە روونکردەوەیان بدەنێ و وەڵامی پرسیارەکانییان بدنەوە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و كاروبارى ئابوورى پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ دووشەممە لەلێژنەی دارایی نووسراوێکمان کرد و داوامان کردووە سێشەممەی هەفتەی داهاتوو 14ی ئەیلوول ئەگەر بۆ ئەوان گونجاو بێت ئەو بەرپرسانەی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی یاسای چاکسازی و راپۆرتی چاکسازی و پێشهاتەکانی ئەم بوارە و پرسی خانەنشینی پلە باڵا و تایبەتەکان و بابەتی دیکە بانگهێشتی لێژنەکەمان بکەین".
گوتیشی "بابەتی دوو مووچەیی و خانەنشینی نایاسایی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی حکومەت باسدەکەین".
پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان پەسندکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردرابوو.
بەپێی ئەو یاسایە کە لە 19 ماددە پێکدێت حکومەت پابەندکراوە بە چاکسازیکردن لە شەش بواردا کە ئەمانەن: "رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی، نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی، بواری پێشمەرگە و هیزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، دەرماڵەکان، رێکخستنەوەی هەژمارکردنی خزمەت، بواری خانەنشینی."
بەپێی خاڵی چوارەمی بڕگەی دووەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای چاکسازی، شایستەی مووچەی خانەنشینی پلە باڵا و تایبەتەکان نابێت لە رێژەی 50 ٪ زیاتر بێت لەکۆی گشتیی دوایین مووچە و دەرماڵە ئەوەی لە کاتی خزمەت وەریدەگرێت.
هەروەها فەرمانبەران شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبن ئەگەر خزمەتی خانەنشینییان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت و 45 ساڵی تەمەنیشی تەواوکردبێت، جگە لە حاڵەتەکانی مردن یان شەهیدبوون یان خانەنشینبوون بە هۆکاری تەندروستی و ئەو حاڵەتانەی دیکەی بەدەر کە لەیاسای خانەنشینی بەرکاردا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ