پارتی سەوز: شاخی گۆیژە بەمەبەست سووتێنراوە

07-09-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن شاخی گۆیژە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی سەوزی کوردستان بەهۆی سووتانی شاخی گۆیژە لە سلێمانی، سکاڵای یاسایی لە داواکاری گشیی سلێمانی تۆمارکرد. سکرتێری پارتەکە پێیوایە سووتانی شاخی گۆیژە دەستی لە پشتە و بەمەبەست ئەو کارە کراوە، کە وەک خۆی دەڵێت "ئامانج لێی کەمبوونەوەی رێژەی سەوزاییە لە سلێمانی".
 
ملکۆ بازیانی، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ هۆکار و چۆنێتیی ئاگرەکە و سووتانی شاخی گۆیژە کردووە. دەڵێت "پێمانوایە ئەمە رووداوێکی سرووشتی نییە، بەڵکو بەمەبەست کراوە".
 
لەبارەی گومانەکانیشیان، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان گوتی: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئاگرەکە لە دامێنی چیاکەوە بووە و بەرەو سەرەوە تەشەنەی کردووە، نەک لە سەرووی چیاکەوە هاتبێتە خوارەوە، هەرچەندە جارێ روون نەبووەتەوە کە کێ ئەم کارەی کردووە، بەڵام ئەمە دەستێکی لەپشتە و هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە سلێمانی دەدرێت".
 
دوای تۆمارکردنی سکاڵاکەیان لە داکاری گشتی، پارتی سەوز داوای بە سزاگەیاندنی بکەرانیان کردووە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدواداچوونی ورد بکەن بۆ هۆکاری ئاگرەکە و سووتانی چیاکە.
 
ملکۆ بازیانی دەشڵێت: "هەر بەو سکاڵایە ناوەستین و لەگەڵ رێکخراوەکان و خەڵکانی دڵسۆزی سلێمانی قسە دەکەین و هەڵوێستی دیکەشمان دەبێت".
 
نیوەشەوی هەینی رابردوو ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە. عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە نزیکەی 200 بۆ 300 دۆنم زەوی و داری بەتەمەن سووتاون، بەشێکی زۆر لەو دارانەش کە سووتاون تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاتر بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە