کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی: بودجە هەبێت بە ساڵ و نیوێک رێگەکە تەواودەکەین

 
رووداو - گەرمیان

کارکردن لە پرۆژەی ستراتیژیی جووتسایدکردنی رێگەی سەرەکیی کەلار - سلێمانی دەستپێدەکاتەوە. هەشت مانگە کارکردن لە پرۆژەکەدا لە بەشی چوار و پێنجیدا وەستاوە؛ خراپیی رێگەکە بووە بە بارگرانی بەسەر هاونیشتمانیانەوە.
 
شۆفێرێک دەڵێت، رۆژانە رووداو روودەدات، پارە بۆ دروستکردنی باڵەخانە هەیە بەڵام بۆ رێگەوبان نییە، ئەمە پرۆژەی خەڵکە و دەبێت تەواو بکرێت. شۆفێرێکی دیکە دەڵیت، ئەمڕۆ رێگەکە هەڵدەکەنن و بە 10 ساڵ تەواوی ناکەن، "دەستیان دایە دروستکردنی رێگەکە، من زانکۆم تەواوکرد و پێنج ساڵە شۆفێرم هێشتا تەواو نەکراوە".
 
کۆمپانیای جێبەجێکار 33%ی کۆی پارەی پرۆژەکەی بە پێنج بەش لە حکومەت وەرگرتەوە دوو پێشینەی لای حکومەتە، بڕەکەی 10 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە کارکردن رایگرتوون.
 
عوسمان عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت "ئەمە دووەم جارە بوەستین لە کارکردن، ئەمجارە هەشت مانگە وەستاوین، 10 ملیار دینارمان لای حکومەتە پارەی خەڵک و کرێکار لامانە، بەڕاستی ناتوانین کاربکەین، ئەو سلفەی هەمانە لای حکومەت بمانداتەوە کاردەکەین، نەمانداتەوە ناتوانین کاربکەین و دەوەستین".
 
لە گەرمیان شەش پرۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان کاریان تێدا ناکرێت، گوژمەی پرۆژەکان 230 ملیار دینارە.
 
ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت "شەش پرۆژەی ستراتیژیمان هەیە کە وەستاون، بودجەی پەرەپێدان و پترۆدۆلارن، هەموو ئەم پرۆژانەش پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و گرنگن بۆ ئێمە".
 
دوای هەشت مانگ لە وەستانی بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی جووتسایدکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی کەوتەوە کار.
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژە بەوە دەکات "بەڵێندەر مافی خۆیەتی داوای بودجە بکات، هاتووم پێیان دەڵێم کاربکەن، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پێدانی شایستە داراییەکانتان".
 
درێژیی رێگەکە 41 کیلۆمەترە، 33 پرد و 170 قەنتەرەی تێدایە، گوژمەکەی 137 ملیار و 240 ملیۆن دینارە، 36٪ی کارەکانی تەواو بوون. کۆمپانیای بێشکان بە ستافێکی 150 کەسی و 124 ئامێر  و پێنج کارگەی کەرەستەی ئامادەکردنی رێگەوبان، لە پرۆژەکەدا کاردەکەن؛ ئەوان دەڵێن، ئەگەر حکومەت بودجەیان لێ نەبڕا، ئەوا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا کاری رێگەکە تەواودەکەن.