لە هەولێر پرۆسەی لێدانی لۆگۆ لە تاكسییەكان دەستپێدەكاتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە پرۆسەی لێدانی لۆگۆ و شریت و درووستکردنی کارتی زانیاری بۆ شۆفێران دەست پێدەکاتەوە. 
 
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی شەش مانگ بوو بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مامەڵەی لێدانی لۆگۆی تاکسی راگیرابوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە دەستمان بە پرۆسەکە کردووەتەوە و داواش لە شوفێران دەکەین سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی فۆڕمیان پێبدەین و مامەڵەکانیان تەواو بکەن".
 
پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مانگێک دەست بە پرۆسەکە کرابوو و نزیکەی 3 هەزار تاکسی لۆگۆ و شریتیان لێدرابوو و مامەڵەکانیان تەواو کرابوون. 
 
دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا هەموو تاکسییەکان لۆگۆیان لێبدرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی دەوامی فەرەمانگەی بایۆمەترییەوە کارەکان راگیرابوون و بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دەڵێت، "لە ئەمڕۆشەوە دەستمان پێکردووەتەوە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هەموو تاکسییەکان کە ژمارەیان 35 هەزار تاکسییە لە هەولێر".
 
بەپێی مەرجەکان، شوفێری تاکسی دەبێت مۆڵەتی شوفێریی هەبێت، ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی خۆیەوە بێت، ئەگەر فەرمانبەر بوو پلەکەی نابێت لە 10 تاوەکو 7 کەمتر بێت.
 
 
عەبدولخالق عەلی باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی شۆفێری تاکسی سەردانیان دەکات، فۆڕمێکی پێدەدرێت، دەبێت لە بایۆمەتری کارتی زانیاری وەربگرێت، لە ئاسایشی گەڕەکەکەی و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوانیش پشتگیری ببات کە هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبێت بەتایبەت تاوانی گێچەڵی سێکسی.
 
دوای جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەی سەرەوە، شۆفێری تاکسی دەنێردێت بۆ ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ کراوە بۆ لێدانی لۆگۆ و شریتی تایبەت بە ناو شاری هەولێر کە رەنگی سوورە و بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، "ناشبێت لە شارەکانی دیکە کار بەو تاکسییە بکات".