کۆنفرانسەکەی هانۆڤەر هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت

رووداو- ئەڵمانیا

کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەرهێنەران لە هانۆڤەری ئەڵمانیا کۆتاییهات، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا تیایدا بەشدار بوون. 


بڕیارە ژمارەیەک کۆمپانیای ئەڵمانیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ کاری وەبەرهێنان، کۆمپانیاکان کار بەو کەسانە دەدەن کە خولی راهێنانی کاری پیشەییان بینیوە لە دەزگای روانگە.

نزیكه‌ی 100 رێكخراو و كۆمپانیای هه‌رێمی كوردستان بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ، به‌شدارییان له‌ كۆنفرانسی خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانی هانۆڤه‌ر كردووه.

رێكخراوی روانگه‌ له‌ هه‌ریمی كوردستان یەکێکە لەو رێکخراوانەی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە و راهێنانی پیشه‌یی به‌ گه‌نجان ده‌كات بۆ ئەوەی كاریان ده‌ستبكه‌وێ‌، زیره‌ك ژێدار، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌زگه‌ی روانگه‌ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەزگای روانگە توانیویەتی راهێنان بە نزیکەی 3 هەزار و 80 کەس بکات لە بواری پیشەیی و توانا مرۆییەکان، خۆشبەختانە ئەو کەسانەی لەلایەن دەزگای روانگەوە راهێنانیان پێکراوە ، نزیکەی 2 هەزار و 300 کەسیان توانیویانە کاریان دەستبکەوێت کە ئەمە جێگای دەستخۆشییە، ئێمە گەنجان پێدەگەیێنین تاوەکو دەگەنە ئاستی داخوازییەکانی کۆمپانیاکان".

رۆژی پنجشه‌ممه‌7-9-2017 و لە دووه‌م رۆژی كۆنفرانسه‌كه، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای پیته‌رسبۆرگی ئەڵمانی رێكخرابوو‌ د. ئیبراهیم شاتلوو، راوێژكاری كۆمپانیای پیته‌رسبۆرگ، كه‌ 42 ساڵ ئه‌زموونی كاری له‌ ئەڵمانیا هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "ئەو كه‌سانه‌ی راهێنانیان پیكراوه‌ كاری باشیان ده‌ستده‌كه‌وێ".

ئیبراهیم شاتلوو، راوێژكاری كۆمپانیای پیته‌رسبۆرگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرشوێنێک کەسێک راهێنانی نەبێت ، کار بۆی کەمە و ئەگەریش دەستی بکەویت کارێکی هەرزانی دەستدەکەوێت، بەڵام ئەگەر راهێنانی کردبێت و شارەزا بێت ئەوە دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت بۆ خۆی و خێزان و وڵاتی و پێشکەوێت".

هه‌روه‌ها خاوه‌نكار و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا ده‌ڵین، ئەوانیش ئەو كه‌سانه‌ داده‌مه‌زرێنن، كه‌ ئەزموونی كاریان هه‌یه‌ و راهێنانی پیشه‌ییان پێكراوه‌.

پیته‌ر مایه‌ر، خاوەنکارێکی ئەڵمانی بە رووداوی راگەیاند: "هەر کەسێک لە کوردستان بیەوێت لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئێمە کاربکات، پێویستە راهێنانی پیشەیی پێکرابێت، هەروەها راستەوخۆ دەچێتە نێو پرۆگرامێکی راهێنانەوە کە بە پێی رێساکانی کۆمپانیای "مان یاخود ئێم تی یو " یاخود هەر کۆمپانیایەکی دیکە لەگەڵمان کاردەکات، بەواتایەکی دیکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە خەڵک لەنێو کۆمپانیادا رابهێندرێت و پەروەردە بکرێت".

ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ كوردستان راهێنانیان پێكراوه‌، زیاتر ده‌رفه‌تی كاركردنیان له‌و كۆمپانیا ئە‌ڵمانیانه‌ هه‌یه‌، كه‌ دیێنه‌ كوردستان و له‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كارده‌كه‌ن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان