هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوامە و زیاتر لە 60یان داخراون

07-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 60 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای هەولێر داخراون.
 
تاوەکو 3ی ئەم مانگە 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەبوون. 04ـی تەمموز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەبێت تەواوی ئەو پاڵاوگانە دابخرێن.
 
لیژنەیەکی باڵا لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهێندراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ئەندامێکی لیژنەکە بە رووداوی گوت، "لە دوای بڕیارەکەوە لە سنووری گوێڕ نزیکەی 30 پاڵاوگە و لە سنووری قوشتەپەش زیاتر لە 30 پاڵاوگە داخراون".
 
لەنێو ئەو پاڵاوگانەی داخراون چەند کارگەیەکی ئیزوگام (لباد) هەن. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەکە بۆ رووداو، "هەموو ئەو کارگانەشی ژینگە پیس دەکەن لە سنوورەکەدا دادەخرێن".
 
بەشێکی ئەو پاڵاوگانەش دانەخراون و کاریان تێدا ناکرێت، 24 کاژێر مۆڵەتیان پێدراوە کەرەستە پێویستییەکانیان لە شوێنەکەدا بگوازنەوە؛ هەروەها بڕیارە لە سبەیەوە بەربەستکردنی رێگەی ئەو کارگانە دەستپێبکات کە دەرگا و دیواریان نییە.
 
ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''لەپێناو ژینگەیەکی باشتر بۆ هەولێر و پاراستنی، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی کرد و تێیدا 7 بڕیاری گرنگ دران و لە ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە پاڵاوگە نایاساییەکان و پارێزگاری هەولێر گوتی، ''دەبێ هەر 138 پاڵاوگەکە دابخرێن؛ داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.