حکومەتی عێراق بودجەی دامەزراندنی زانکۆی شنگال دەخاتە نێو خشتەی بودجەی 2025
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بودجەی دامەزراندنی زانکۆی شنگال بخاتە نێو خشتەی بودجەی ساڵی 2025 و پارچە زەوییەکی بێ بەرامبەری بۆ تاپۆ بکرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا رەزامەندی لەسەر:
یەکەم: دامەزراندنی زانکۆی شنگال لە پارێزگای نەینەوا و پارەکەشی لە خشتەی بودجەی 2025 جێگیر دەکرێ.
دووەم: کووژاندنەوەی زەوی ژمارە 1/1م 23 تەل قەسەب (گوندی کۆچۆ) بە رووبەری 65 دۆنم لە قەزای شنگال و تاپۆکردنی بێ بەرامبەر، پاڵپشت بە یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019ی هەموارکراو.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، رۆژی 13ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، زانکۆکە لە سنووری ناحیەی سنوونێ دەبێت و لەسەر رووبەری نزیکەی 165 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ گەورە دەکرێت و لە شاری شنگالیش کۆلێژ دەکرێتەوە.
بە گوتەی رەفعەت سمۆ، بڕیارە سەرەتا چەند کۆلێژێک بکرێنەوە، لەوانەش کۆلیژەکانی کشتوکاڵ و پەروەردەی بنەڕەتی؛ دواتر ڤێتێرنەری و ئەندازیاری. سەرەتا ئەو کۆلێژانە سەر بە زانکۆی نەینەوا دەبن، بەڵام دواتر دەبنە زانکۆیەکی سەربەخۆ بە ناوی زانکۆی شنگال.
رۆژی 5ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق رایگەیاند، "ئەوەی بەرامبەر ئێزدییەکان کرا کارێکی دڕندانە و کەم وێنە بوو؛ تیرۆریستان بێ جیاوازی، ژن، پیاو و منداڵی شارەکەیان کۆمەڵکوژ کرد".
سوودانی باسی هەوڵەکانی حکومەتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال کرد و گوتی، "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەوروبەری نەینەوامان داناوە و بڕیاری دروستکردنی 14 هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونمان بۆ خەڵکی شنگال داوە. هەروەها بڕیاری پێدانی قەرزی خانووبەرەمان بە خەڵکی نەینەوا و شنگال داوە و جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد، بە زوویی کارەکانی زانکۆی شنگال تەواو بکرێن و زانکۆکە بە رووی خوێندکاراندا بکرێتەوە.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە، سوودانی گوتی، "قەرەبووی هەموو ئەو خێزانانە دەکەینەوە خانوویان رووخاوە و هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکانیش ئاوەدان دەکەینەوە".
10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری.
لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و دواتریش دەیان هەزار کەسیان روویان لە دەرەوەی وڵات کرد.