رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کاروانی سێیەمی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ژمارەیان 266 خێزان دەبێت، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات پێداویستییەکانی ئاوارەکان جێبەجێ بکات، "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە."
رۆژی چوارشەممە 07-08-2024 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، قۆناخى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ده‌ڤه‌رى حه‌سه‌ن شام/خازر جێبه‌جێده‌كرێت، کە 266 خێزانن، 107یان له كه‌مپه‌كانن و 159یان له ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین، به‌شێوه‌يه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ: "ئەو خانەوادانە لە دوای هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە كامپەكانی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێ ده‌ژين و حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێى توانا هه‌موو خزمه‌تگوزارى و پێداويستيیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م كردبوو."
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەو ئاوارانە ژێرخانی ئابووریی گوندەکانیان لە ژێردەستی داعش داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی لەناوچوو بوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتیی حکومەتی فیدراڵی و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان هەبووە و هەیە، لەم چوارچێوەیەدا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، جگە لەو ئاوارانە پێشتریش 271 خێزانى دیکەی ئاواره‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه گه‌ڕاونه‌تەوه بۆ زێدی خۆیان.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقیش دەکات: "هه‌نگاوى كردارى بۆ فه‌راهه‌مكردنى خزمه‌تگوزارييه بنه‌ڕه‌تيیه‌كان بۆ سنووره‌كه ده‌ستپێبكه‌ن، تاوەکو ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شکۆمەندانە بژین و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە، هەروەها دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری گشتی زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات".
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت له پشتيوانيكردنى سياسه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه و سه‌ربه‌رزانەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دژی دانەخستنی کامپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکردووە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
بەپێی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی تەممووزی ئەم ساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دانابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ