لە ئامەد هەفتانە 4 بۆ 5 پزیشک کۆچی دەرەوەی وڵات دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری ژووری پزیشکانی ئامەد، هەفتانە 4 بۆ 5 پزیشک بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن و لەوێ درێژە بە پیشەکانیان دەدەن.
لەکاتێکدا کۆچی پزیشکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەوروپا جێی باسە، د وەیسی ئولگەن، سەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد رۆژی سێشەممە 6-8-2024 باسی لە بوونی لێشاوێکی کۆچی پزیشکان لە ئامەد کرد.
ئولگەن رایگەیاند، ئەوان لەڕێی وەرگرتنی بەڵگەنامە لە هووری پزیشکانەوە ئامارەکانی کۆچی پزیشکانی لایە و گوتی، "بەڕاستی نیگەرانم بە کۆچی ئەو هەموو پزیشکە، بەتایبەتیش پزیشکانی گەنج روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن و لەوێ خزمەت دەکەن. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، بۆچی ئەو پزیشکانە دەڕۆن؟ ئاساییە چەند پزیشکێک کۆچ بکەن، بەڵام ئامارەکان زۆر زۆرن".
سەبارەت بە ژمارە و رێژەی ئەو پزیشکانەی کۆچ دەکەن، د وەیسی ئولگەن گوتی، "لەم ماوەیەدا هەفتانە 4-5 پزیشک دێنە لامان و مامەڵەی کۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. ئەوان دەڕۆنە وڵاتانی دیکە و لەوێ درێژە بە پیشەکانیان دەدەن".
سەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد هەروەها رەخنەی لەوە گرت کە هێشتا کێشەکانی سەلامەتیی پزیشکان چارەسەر نەکراوە و گوتی، "هەر هەفتەی رابردوو یەکێک لە هاوپیشە ژنەکانمان رووبەڕووی تووندوتیژی بووەوە. کۆچی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات تەنیا ئابووری نییە. ئەوان ناتوانن لێرە کاری خۆیان بکەن. لەکاتێکدا هەموو پزیشکێک دەبێت لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، بێ بوونی هیچ گوشارێک و ئازادانە درێژە بە پیشەکەی بدات. نابێت پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش لە پارەدا چڕ بکرێتەوە. نابێت تەندروستی هێندە بە بازرگانی بکرێت".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، ساڵی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیادا نزیکەی 400 پزیشک کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.