فراکسیۆنی پارتی لە نەینەوا: تاوەکو دابەشکاری پۆستەکان هەڵنەوەشێتەوە بایکۆتمان بەردەوام دەبێت

07-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، تاوەکو ئەو دابەشکارییەی لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە هەڵنەوەشێتەوە، ئامادەی هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەک نابن. لایەنی بەرامبەریش ئەو داواکارییە رەتدەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هێزی دووەمین لە ئەنجوومەنی پارێزگا و خاوەنی زیاتر لە 140 هەزار دەنگین. پێویستە ئەوە رەچاو بکرێت و لەسەر بنەمای رێککەوتن گشت پۆستەکان دابەش بکرێن".
 
رۆژی 4ـی ئاب، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان گوتی، "لێکتێگەیشتن هەیە و لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنەکان کۆدەبنەوە"، بەڵام ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت، "تاوەکو هاوپەیمانییەتی نەینەوای داهاتوو دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان هەڵنەوەشێنێتەوە، ئامادەی هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەک نابین". 
 
هاوکات محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت، "هاوپەیمانێتییەکەمان زۆرینەی ئەنجوومەن پێکدێنێت. دابەشکردنی پۆستەکانیش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بووە و هیچ لایەنێک ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە". 
 
محەممەد کاکەیی گوتیشی، "ئێمە زۆرینەین و دەبێت هەر ئێمەش مەرج دابنێین. ئەو پۆستانەی دابەشکراون گفتوگۆیان لە بارەوە ناکەین و ئەو بابەتە کۆتاییهاتووە، بەڵام بۆ شێوازی دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکانی دیکە ئامادەی گفتوگۆین".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە؛ بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد، بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
  
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتووی پارتی و بەشێک لە عەرەبە سوننەکان، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو

پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا

سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''