لوفتهانزا راگرتنی گەشتەکانی بۆ هەولێر درێژکردەوە

07-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزا بڕیاری بەکارنەهێنانی ئاسمانی عێراق و ئێرانی تاوەکو 13 ئەم مانگە درێژکردەوە.  
 
رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، فڕۆکەکانی ناچنە ئاسمانی عێراق و ئێران.
 
لوفتهانزا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، عەممان، بەیرووت، تاران و تەلئەڤیڤ تاوەکو 13 مانگ درێژکردەوە. 
 
رۆژی 6-8-2014 لوفتهانزا بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئێستای ناوچەکە، هێڵەکەمان ئاسمانی ئێران و عێراق تاوەکو 7ی ئاب بەکارناهێنێت".  
 
گرووپی فڕۆکەوانیی لوفتهانزا هەریەک لە کۆمپانیاکانی سویس ئینتەرناشناڵ ئێیەرلاینزی سویسری، هێڵی ئاسمانیی نەمسایی و هێڵی ئاسمانی یۆرۆوینگزی ئەڵمانی دەگرێتەوە کە ئەو دووانەی دواییان گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر هەیە. 
 
ئەم بڕیارەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزا لە کاتێکدایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران.
 
کوشتنی هەنییە رۆژێک دوای کوشتنی فوئاد شوکر، یاریدەدەری حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبووڵڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە هات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە