پارتی و یەکێتی چەند پارە دەدەنە بەربژێرەکانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن؟

07-08-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە 20ـی ئەیلوول، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات. حیزبەکان لەئێستاوە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە و هەریەکەیان بەپێی سیاسەتی کار و توانای مادییان، بانگەشەکانیان بەڕێوەدەبەن. بەشێکیان پارە بە بەربژێرەکان دەدەن و بەشێکی دیکەش خۆیان فلێکسیان بۆ چاپ دەکەن و بانگەشەیان بۆ دەکەن.
 
بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات، بۆ بانگەشە مانگێک پێش ئەو وادەیەی دیاریکردووە، واتە لە 20ـی ئەیلوولەوە. 
 
پارتی 10 هەزار دۆلار بە بەربژێرەکانی دەدات
 
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان، جگە لە بانگەشە بۆ لیستی حیزبەکەی و بەربژێرەکان، بە جیا بڕە پارەیەکیان پێدەدات بۆ چاپکردنی فلێکس و بابەتەکانی بانگەشە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2018دا، ئەو حیزبە بڕی 10 هەزار دۆلاری بە بەربژێرەکان دا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی 2024یش، هەمان پارە بە بەربژێرەکانی دەدات کە ژمارەیان 190 کەسە.
 
یەکێتی 10 ملیۆن دینار و تیم بۆ بەربژێرەکانی تەرخان دەکات
 
بەربژێرێکی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: هەرچەندە هێشتا کاتی بانگەشە ماوە و هەموو شتێک یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریی من، بڕی 10 ملیۆن دینار بە هەر بەربژێرێک دەدرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەو پارەیە، یەکێتی تیمێکی خۆبەخش بە بەربژێرەکان دەدات و کارتی بانگەشە و کارتی مۆبایلیشیان پێدەدات. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 172 بەربژێری دەبێت. لە خولی پێنجەمدا 21 کورسی هەبوو.
 
کۆمەڵی دادگەری: راگەیاندنەکانمان لە خزمەتی بەربژێرەکان دەبن، بەڵام ناتوانین پارە بدەین
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە خولی پێنجەمدا حەوت کورسی هەبوو. بۆ خولی شەشەم 59 بەربژێری دەبێت. عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بوو لە خولی پێنجەم، ئێستاش بەربژێرە بۆ خولی شەشەم. بە رووداوی گوت: لە رووی راگەیاندنەوە هاوکاریی هەموو بەربژێرەکان دەکرێت، بەڵام حیزب توانای ئەوەی نییە هاوکاریی مادیی بەربژێرەکان بکات، ئەگەریش بیکات، بڕێکی ئەوەندە سنووردار دەبێ کە شایانی باس نییە.
 
پارتی چاکسازیی تورکمان: بە پارەی خۆمان و تیمی خۆبەخش بانگەشە دەکەین
 
مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە خولی پێنجەمدا لە پشکی پێکهاتەکەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بوو، بۆ خولی شەشەمیش بەربژێری حیزبەکەیەتی.
 
لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بە رووداوی گوت: "بە پارەی خۆم فلێکسەکان چاپ دەکەم، تیمێکیش لەنێو حیزبەکەم خۆبەخشانە هاوکاریم دەکەن.
مونا قاوەچی دەڵێت: "دەتوانین هاوکاریی لەملاولا و سەرمایەداران وەربگرین، بەڵام ئەو کارە ناکەین و پشت بە خۆمان دەبەستین."
 
لەم هەڵبژاردنەدا، کۆتای پێکهاتەکان لە 11 کورسییەوە بۆ پێنج کەم دەکرێتەوە، کە سێ کورسی بۆ کریستیان و دوو کورسی بۆ تورکمان دەبێت. لە پێکهاتەی تورکمان، 12 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.
 
بزووتنەوەی ئیسلامی: پارەیەکی زۆر کەم بە بەربژێرەکانمان دەدەین
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "حیزب خۆی فلێکس بۆ بەربژێرەکانی چاپ دەکات و بانگەشەیان لە میدیاوە بۆ دەکات."
 
سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتی و بەربژێری بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان بە رووداوی گوت: "جگە لە بانگەشە، رەنگە بڕە پارەیەکیش بە بەربژێرەکان بدرێت، بەڵام پارەیەکی سنووردار و رەمزی دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە