دامەزراوەی ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان: خەڵکی 860 گوند کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان دەڵێت، دانیشتووانی زیاتر لە 860 گوندی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
 
رەزا داودی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان دەڵێت، "کێشەی ئاو لە هەندێ لە ناوچەکاندا زۆر گەورەیە. بۆ نموونە، لە سنووری شاری سەرپێڵ زەهاو خەڵکی زیاتر لە 115 گوند، کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە؛ بۆیە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین."
 
بەگوتەی رەزا داودی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی گوندەکانی پارێزگای کرماشان، لەگەڵ دامەزراوە ئابوورییەکانی سوپای پاسداراندا رێککەوتن کراوە و ئێستا پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 300 گوند کاری لەسەر دەکرێت.
 
کێشەی ئاو لە گوندەکان بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی گوندنشینان و لە هاوین و پاییزدا زیاتر دەبێت. زۆر لەو گوندانە بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە کانیاوەکانی نزیکیان دەبەستن و ئەوانیش لەم ساڵانەدا بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوەکەیان کەمبووەتەوە یان وشک بوون.
 
تاڵاوی هەشێڵان تاڵاوێکی گەورەیە و هەڕەشەی جیدی لەسەرە. ئەحەد جەلیلیان، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان رۆژی شەممە 5-8-2023 گوتی، وەزری بارینی رابردوو بارانی باش باری، بەڵام ئەوەش ناتوانێت وشکەساڵییەکانی چەند ساڵی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە؛ هەربۆیە سەراوی نیلوفەر و تاڵاوی هەشێڵان خەریکە وشک دەبن.