ئەمڕۆ سێ ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتان.. هۆکارەکان چین؟

رووداو  دیجیتاڵ

لە شاری هەولێر لە بەرەبەیانەوە تاوەکو پێش نیوەڕۆ، سێ ئۆتۆمبێل سووتان. شارەزایانی بوارەکە دەڵێن، بەنزینی خراپ سەرەکیترین هۆکاری سووتانە؛ هەروەها فیول پەمپی کواڵێتی نزم، دانانی بلاجیکتۆر و شاشەی ئایپاد بەشێکی دیکەی هۆکارەکانی سووتانی ئۆتۆمبێلن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، سێ ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر و لە رێگەکانی هەولێر - کۆیە، هەولێر – شەقڵاوە و شەقامی 150 مەتری هەولێر سووتان. سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لە سووتانی دوو ئۆتۆمبێلیان ئاگادار کراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردووە.
 
لەبارەی هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل، سەرکەوت کاڕەش دەڵێت، "هۆکارەکان زۆرن؛ بە پلەی یەک بەنزینی خراپە. کە بەنزین خراپ بوو، گازی زۆرە و دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاگر، هەروەها هۆکاری تەکنیکیش هەن؛ ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ لە شەقامی 150 مەتری سووتا، سۆندەی بەنزین لە نزیک مەکینە کون ببوو".
 
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر سووڕانەوە بە ئۆتۆمبێل لە پلەی گەرمای بەرزدا بەتایبەت کە کوالێتی بەنزینەکەش خراپ بێت، زیاتر هاندەرە بۆ سووتانی ئۆتۆمبێلەکە؛ گوتیشی، "دەستکاری کارەبایی ئۆتۆمبێلیش هۆکارێکی سووتانە؛ بلاجیکتۆری ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێن، لەکاتێکدا ئەو وایەرەی کۆمپانیای دروستکەری ئۆتۆمبێل دایناوە توانای کارپێکردنی ئەو بلاجیکتۆرەی نییە کە بۆی دانراوە".
 
ئارام عومەر، وەستایەکی چاککردنی کێشە تەکنیکی و کارەباییەکانی ئۆتۆمبێلە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری سەرەکی سووتانی ئۆتۆمبێل بەنزینی خراپە؛ بەنزینی خراپ زۆرە و ئاو و تێزابی تێکەڵ دەکرێت کە دەبنە هۆکاری گڕگرتنی ئۆتۆمبێل".
 
ئارام عومەر کە رۆژانە چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپیی بەنزینەوە بۆ گۆڕینی فیول پەمپ، نۆزڵ و پلاکەوە دەبرێنە لای، دەڵێت، هۆکارێکی دیکەی سووتانی ئۆتۆمبێل فیول پەمپی کوالێتی نزمە؛ گوتیشی، "ئەوانەی لە بازاڕدا هەن کوالێتییان نزمە و زۆر زوو گەرم دەبن، کاتێکیش گەرم دەبن و لەنێو بەنزیندان، راستەوخۆ دەبنە هۆکاری ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە".
 
 
دەستکاریکردنی وایەرە کارەباییەکانی ئۆتۆمبێل لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی شۆرتی کارەبایی و سووتان.
 
یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکانی گڕگرتن، دانانی شاشەی ئایپادە بۆ ئۆتۆمبێل. سەرکەوت کاڕەش داوای لە هاونیشتمانیان کرد، کە هیچ زیادکردنێکی کارەبا بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەن، لەکاتێکدا کۆمپانیای دروستکەری بۆی نەکردووە.