تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لەماوەی 24 کاژێردا دوو سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە شەڕێکدا دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 6ـی ئابی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەروەها گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا دوو سەرباز کوژراون. 
 
رۆژی 5ـی ئابی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لە ناوچەی زاپ، دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کچە گەریلاش بە برینداری کەوتوونەتە دەستیان.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 605 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 978 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 354 گەریلای راگەیاندووە.