بەرپرسیار؛ ئەو منداڵەی بە "تێزاب" سووتێنرا، پێویستی بە چارەسەریی خێرای پزیشکییە

07-08-2023
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار.
بەرنامەی بەرپرسیار.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوور عەباس، ئەو کچە تەمەن دوو ساڵانەی کە رۆژی 25ـی مانگی رابردوو لە ناحیەی رزگاری بە "تێزاب" سووتێنرا، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر خەوێنراوە و پێویستی بە چارەسەریی خێرای پزیشکییە. دایک و باوکی نوور دەڵێن، رۆژ دوای رۆژ تەندروستیی خراپتر دەبێت. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاریش دەڵێت، دوو کەس بە تۆمەتی سووتاندنی نوور دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە، 07-08-2023، جوان ئیسماعیل، دایکی نوور لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تەندروستیی کچەکەی بە "ناجێگیر" ناوبرد و دەڵێت، رۆژ دوای رۆژ تەندروستیی نوور خراپتر دەبێت؛ "لایەکی گوێچکەی لێبووەتەوە. لووتی و برۆی پێوە نەماون. نوور بەردەوام دەگری".
 
 
دایکی نوور دەڵێت: "زۆربەی ئەندامانی جەستەی نوور هەڵوەریوە، گۆشتی لەشی نەماوە، کەمێک شیر دەخوات، بەڵام بە گریانەوە دەیخوات، داوا دەکەم بە زووترین کات کچەکەم چارەسەر بکرێت و ببرێتە دەرەوەی وڵات".
 
 
عەباس عەبدوڵڵا، باوکی نووریش، دەڵێت: تەندروستیی کچەکەم زۆر لە مەترسیدایە، خواردن ناخوات، لەشی نەماوە، دوو رۆژە تەندروستیی زۆر خراپ بووە، هەناسەی تووند بووە، ئەمڕۆ بەشێکی گوێچکەی، لووت و برۆی لێبووەوە، کاتێک لەفافەکەی لێدەکرێتەوە هەمووی خوێنە".
 
 
نوور عەباس بە "ماددەیەکی نزیک لە تێزاب" سووتاوە و رێژەی سووتاوییەکەی 36٪ـە. دکتۆر ئازاد عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکاریی و رێککاری، دەڵێت، ناتوانین بڵێین سووتێنراوە یان خۆی وای لەخۆیکردووە."سەرەتا کە گەیێندرایە نەخۆشخانە تەندروستیی ناجێگیربوو، ئێستا باشترە".
 
وەک دکتۆر ئازاد باسیدەکات، بە دوو قۆناخ چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت. یەکەم؛ بەشێکی ئەو پێستانەی کە مردوون لێدەکرێنەوە و پێویستی بە رێککاری پێست هەیە، دانانی پێست لە شوێنی برینەکان و بەمەبەستی دوورخستنەوەیەتی لە مەترسیی مردن، هەرچەندە هێشتا نوور قۆناخی مەترسی تێنەپەڕاندووە. قۆناخی دووەمی چارەسەریی نوور، جوانکارییە، سبەی لیژنەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی بۆ دۆخی تەندروستیی نوور پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی درێژی چارەسەریی پزیشکی بۆ دابنێین".
 
رابەر ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری، بە رووداوی گوت: مامۆژنی نوور بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراق و برای مامۆژنی نووریش بە فەرمانی دادوەر و لەسەر سکاڵای دایکی نوور، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
 
وەک بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری ئاماژەی بۆ دەکات، پشکنین بۆ ئەو ماددەیەی کە نووری سووتاندووە، تەواو نەبووە و تاوەکو ئێستا لە بەڵگەی تاوان وەڵامیان پێنەگەیشتووە.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە