قەبارەی بازرگانیی گومرگەکانی سنە گەیشتە 1.68 ملیار دۆلار

08-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی پاریزگای سنە دەڵیت، لە چوار مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردە و هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێک و 684  ملیۆن دۆلار.
 
تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بازرگانی، رۆژی دووشەممە بە میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو پارێزگایە بە شێوەی ترانزیت بووە، کە قەبارەکەی زیاترە لە یەک ملیار و 321 ملیۆن دۆلار.
 
بەگوتەی تەها سەمیعی، تائێستا بە بەهای 186 ملیۆن دۆلار لە گومرکەکانی پارێزگای سنەوە کەلوپەل هەناردە کراوە، هەروەها بایی 97  ملیۆن دۆلاریش کەلوپەلی گومرکەکانی دیکەی ئێران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی سنەوە هەناردە کراوە.
 
لەبارەی ئاماری هاوردەکردنیشەوە گوتی، لەو ماوەیەدا قەبارەی هاوردەکردن لە پارێزگاکە گەیشتووتە 80 ملیۆن دۆلار.
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی سنەوە هەناردە کراون، بریتین لە میوە و سەوزە، بەرهەمە کیمیاییەکان، کانزا و بەرهەمە پیشەسازییەکان، کە هەناردەی عێراق، هەرێمی کوردستان، تورکیا، سووریا و هیندستان کراون، هەروەها زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی کە هاوردە کراون بریتین لە قالبی ئەلەمنیۆم، شریتی فیلم، پارچەی یەدەگ، ئامێری جلشۆر و قاپشۆر، ساردکەرەوە، سپلیت و چەندین کەلوپەلی دیکە.
 
لە پارێزگای سنە دوو دەروازەی سنووریی فەرمیی باشماخ و سەیرانبەن هەن، کە دەکەونە سەر سنووری هەرێمی کوردستان، هەروەها دەروازی سنووری سەیفیش هەیە، کە دەکەوێتە سنووری شاری سەقز و سنوورێکی نافەرمیی نێوان سنە و سلێمانییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە