لە دوو دەروازەی کرماشانەوە بایی 126 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە چوار مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 126 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی هەر دوو دەروازەی سنووری شێخ سڵە و شووشمێ هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
عەلی ئەسغەرعەباس زادە، سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا لە سنووری شێخ سڵەوە زیاتر لە 214 هەزار و 335 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 112 ملیۆن و 30  هەزار دۆلار هەناردە کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 26٪ و لە رووی نرخیشەوە 18٪ زیاد بووە.
 
بەگوتەی عەباس زادە، لە دەروازەی سنووری شووشمێوە زیاتر لە 121 هەزار و 700 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 14 ملیۆن و 621 هەزار دۆلار هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە 6٪ دابەزیوە و لە رووی نرخیشەوە 3٪ زیادیکردووە.
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ئەو شمەکانەی لەو دەروازە سنوورییانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراون، بریتین لە بەرد، کاشی، سیرامیک، ئاسن، گێچ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، شووشە، سەوزە و میوە.
 
لە نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان، بیجگە لە هەر دوو دەروازەی سنووری شووشمێ و شێخ سڵە، دەروازەی سنووری پەروێزخانیش هەیە، کە بەپێی میدیای فەرمیی ئێران ساڵانە 45٪ هەناردەی نانەوتی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەو سنوورەوە دەکرێت.