لەگەڵ رەنج؛ دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە ناوەندەكانی خوێندن

07-08-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن ئۆتیزم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دەرکردووە منداڵی تووشبووی ئۆتیزم لە قوتابخانەکان وەربگیرێن. دایک و باوکی ئەو منداڵانەش دەڵێن، قوتابخانەکان ئەم بڕیارەی وەزارەت جێبەجێ ناکەن و بیانووشیان ئەوەیە کە مامۆستای تایبەتیان بۆ دابین نەکراوە. هاوکات سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار دەڵێت: "سێ هەزار و 561 تووشبووی ئۆتیزم تۆمارکراون و لەو ژمارەیە 385 کەسیان مانگانە 150 هەزار دیناریان پێدەدرێت".
 
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری یادگار سەردار، لێپرسراوی پەروەردەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی ‏پەروەردەی سلێمانی‏، ‏د. ناجی عەلی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار، ‏ئامانج محەممەد، راهێنەر‌ و بەڕێوەبەری باخچەیەكی منداڵان، ‏سابیر عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی ئۆتیزم لە كوردستان، ‏بەهار عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقام لە سلێمانی، دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە ناوەندەكانی خوێندن تاوتوێکرا.
 
دەستنیشانکردنی تووشبووانی ئۆتیزم
 
یادگار سەردار، لێپرسراوی پەروەردەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی ‏پەروەردەی سلێمانی‏ دەڵێت، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان منداڵان دەنێرین بۆ سەنتەری دەستنیشانکردنی ئۆتیزم و دواتر دەیاننێرین بۆ قوتابخانەکان، دوای ناردنیان بۆ قوتابخانەکان، چاودێرییان دەکەین و بەدواداچوونیشیان بۆ دەکەین".
 
یادگار سەردار گوتی، "ئامانجی ئێمە لە رووە ئیدارییەکەوە ئەوەیە منداڵانی هەڵگری ئۆتیزم لە قوتابخانەکان تێکەڵ بە منداڵانی دیکە بکەین و ئەرکی چۆنێتی رەفتارکردن لەگەڵیان دەکەوێتە ئەستۆی قوتابخانە و مامۆستاکانیان"، بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە دایکی یەک لە منداڵانی ئۆتیزم دەڵێت، "بە تەحەداوە دەڵێم، سەرجەم قوتابخانەکانی سلێمانیم کردووە بۆ ئەوەی منداڵەکەم وەربگیرێت، دواجار تەنیا لە قوتابخانەیەکی تایبەت وەریانگرت".
 
385 منداڵی ئۆتیزم مووچە وەردەگرن
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هیچ ئامارێکی نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند منداڵ لە هەرێمی کوردستان تووشبووی ئۆتیزمە و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار دەڵیت؛ تەنیا سێ هەزار و 561 کەس ناوی لای ئێمە تۆمارە و لەو ژمارەیە 385 کەسیان مانگانە 150 هەزار دینار وەکو مینحە وەردەگرن.
 
‏د. ناجی عەلی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار  گوتی، لە وەزارەتەکەیان بە سێ رێگە خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم دەکەن و رایگەیاند، "یەکەمیان پێدانی مینحەی 150 هەزار دینارە، ئێستا سێ هەزار و 561 منداڵی تووشبووی ئۆتیزم ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە 385 منداڵ مووچە وەردەگرن".
 
بە گوتەی د. ناجی عەلی: "رێگەی دووەم مۆڵەتی بەخێوکەر دەدرێت بە دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم و ئەگەر خێزانێک دوو منداڵی ئۆتیزمیان هەبێت، مۆڵەتی کار بە هەردووکیان دەدرێت و مووچەیان وەکو خۆی پێدەدرێت، ئێستا دوو هەزار دایک و باوک لەم بڕیارە سوودمەندن کە 70٪ـیان بەخێوکەری منداڵی ئۆتیزمن".
 
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی كار باسی لەوەکرد کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی دروستیان نییە بۆ زانینی رێژەی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "ئێستا خەریکی ئامادەکارین بۆ رووپێوییەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان و چاوەڕێین رەزامەندیمان پێبدرێت".
 
"قوتابخانە بڕیاری وەزارەت جێبەجێ ناکات"
 
ئامانج محەممەد، راهێنەر‌ و بەڕێوەبەری باخچەیەكی منداڵانە و دەڵێت، "بڕیار لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان رۆیشتووە کە ئەمساڵ هەموویان منداڵانی ئۆتیزم وەربگرن، بەڵام هێشتاش وەرگرتنی ئەو منداڵانە لە قوتابخانەکان کەوتووەتە سەر میزاجی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان".
 
ئەو راهێنەرە لە رووی پەروەردەییەوە بە باشی دەزانێت "لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە حاڵەتی ئۆتیزمی منداڵان وەکو خۆی قبووڵبکرێت و هەموو قوتابخانەکان وەریانبگرن".
 
‏هاوکات، سابیر عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی ئۆتیزم لە كوردستان گوتی، "بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، هەموو منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، وەکو سەرجەم منداڵانی دیکە مافی خوێندن و پەروەردەیان هەیە، پێویستە ئەوە لە کوردستانیش رەچاو بکرێت".
 
ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای كۆمەڵەی ئۆتیزم لەبارەی رەخساندنی زەمینە بۆ منداڵانی ئۆتیزم ئاماژەیدا "منداڵی ئۆتیزم هەبووە لە کوردستان دۆخی زۆر خراپ بووە، بەڵام کە لەگەڵ خێزانەکەی چووە بۆ سوێد یان وڵاتی دیکەی ئەورووپا، بەهۆی ئەوەی لە قوتابخانە تێکەڵ بە منداڵانی دیکە کراون، ئێستا مەعریفی و قسەکردن و چەندین رووی دیکە زۆر گۆڕاون".
 
سابیر عەبدوڵڵا پێیوایە، "ژینگەی ئەوروپا بەو بەرنامە چڕوپڕ پەروەردەییەی کە سۆزدارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت، وای کردووە منداڵانی هەڵگری ئۆتیزم لەڕووی قسەکردن و رەفتار و مەعریفە و سەرجەم رووەکانی دیکەوە بگۆڕێن" و دەشڵێت؛ "بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە قوتابخانەکان بەتەنیا بەس نییە، بڕیارێک کە تەنیا لەسەر رەفەکان دابنرێت سوودی نییە بۆ ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە".
 
"دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە"
 
‏بەهار عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقام لە سلێمانی رایگەیاند "رەوشی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە، بۆیە پێویستە بە روونی دەست بخەینە سەر برینەکان، یەکەمیان ئەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هاوکاری تەواوەتی ئەو منداڵانە ناکەن، گرفتی دووەم ئەوەیە کە هێشتا ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە و نەمانزانیوە دەستنیشانی زۆربەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم بکەین، ئێستا لە کوردستان پشکنینی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خاوەن پەروەردەی تایبەت لەیەک جیا نەکراوەتەوە، هاوکات لە دروستکردنی قوتابخانەکان و کەرەستەکانی پەروەردەشدا نەمانتوانیوە قوتابخانەیەک دروست بکەین کە یارمەتیدەری پەروەردەیی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتبن و گرفتێکی دیکەش نەبوونی کادیری پەروەردەیی بۆ ئەو منداڵانەیە".
 
بەهار عەلی گوتی؛ "لە هەرێمی کوردستان دوو ساڵە وانەبێژی پەروەردەی تایبەتمان هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمە و پێویستە وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیان زیاد بکات" و دووپاتیکردەوە؛ "منداڵی ئۆتیزم لە کوردستان دێتەلام کە هەموو نیشانەکانی بلیمەتبوونی تێدا بەدیدەکەم، بەڵام دەترسم بەو شێوازە مامەڵەیەی لەگەڵیان دەکرێت، بپووکێنەوە".
بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقام لە سلێمانی نایشارێتەوە کە "لە کوردستان دەست براوە بۆ قووتی منداڵانی ئۆتیزم، سەنتەرێک لە پشت ئاڵتوون لە سلێمانی هەبوو کە بڕیاربوو بۆ ئەو منداڵانە بێت، بەڵام درا بە کەسێکی ئاسایی، دەپرسم بۆ نەدرا بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟".
 
"80٪ـی خێزانی منداڵانی ئۆتیزم توانای داراییان خراپە"
 
بەهار عەلی پێیوایە 80٪ـی ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە فریای خەرجی منداڵەکەیان ناکەون و پێیوایە؛ "ساڵانە ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم بەرەو هەڵکشان دەچێت، ئەوانە بێنازن لە قوتابخانە و لە خۆشی ژیان، لەبەر ئەوەی 80٪ـی خێزانەکانیان توانای دارایی ئەوەندەیان نییە کە بتوانن نازی منداڵێکی ئۆتیزم هەڵبگرن".
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقام لە سلێمانی گوتی، "لە سوێد ئەو منداڵانەی دەستنیشاندەکرێن کە هەڵگری ئۆتیزمن، دەبێ بنێردرێنە حەزانە و دواتر بۆ رەوزە و ئینجا دەنێردرێن بۆ قوتابخانە، لە هەموو قۆناخەکانیشدا لەگەڵ منداڵانی دیکە تێکەڵدەکرێن و جیا ناکرێنەوە، ئەو منداڵانەش کە ئاستی تووشبنوونیان بەرزە و ناتوانن فێری خوێندنبن، دەیانبەن بۆ سەنتەر و قوتابخانەی تایبەت و فێری میهنەیەکیان دەکەن کە تێیدا سەرکەوتووبن".
 
بەهار عەلی لەبارەی بڕیاری وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە قوتابخانەکان ئاماژەیدا: "ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەریکردوون، زیاتر لە 80٪ـی قوتابخانەکان توانای جێبەجێکردنییان نییە، لەبەر ئەوەی مامۆستای تایبەتی نییە و هۆیەکانی فێرکردنی بۆ دابیننەکراوە و لەهەموویان گرنگتریش ئەوەیە کە کادیری تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان نییە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، سەرجەم ئەو دایک و باوکانەی لە بەرنامەکەدا ئامادەبوون، گلەیی هەرە سەرەکییان شێوازی مامەڵەکردنی قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان بوو لەگەڵیان و سکاڵای ئەوەیان هەبوو کە قوتابخانەکان منداڵەکانیان وەرناگرن، باوکی منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم گوتی، "هەندێک لە قوتابخانەکان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەگەر ناچار بکرێن منداڵی ئۆتیزم وەربگرن، خۆپێشاندان دەکەن و ماندەگرن"، وەکو ئەو باوکە ئاماژەیدا؛ "مامۆستا هەبووە منداڵەکەی خۆی لە قوتابخانەیەک گواستووەتەوە کە منداڵی تووشبووی ئۆتیزمی تێدا وەرگیراوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی تەقینەوەکە و لۆگۆی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایش لەبارەی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی: تەقینەوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی دەڵێت، "تەقیوەتەوە" و تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.