بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵەوە 113 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە پارێزگای ورمێ سووتاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە 113 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی پارێزگاکە سووتاوە، کە زیاترینی لە سنووری شاری سەردەشت بووە.
 
حوسێن شەهابی، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا 23 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمار کراون و بەهۆیانەوە زیاتر لە 113 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای ورمێ، 14 رووداویان لە ناوچە دارستانییەکان بوون و بوونەتە هۆی سووتاندنی 85 هێکتار دارستان؛ 9 رووداوەکەی دیکەش لە لەوەڕگەکانی پارێزگاکە بوون و لە ئەنجامدا 28 هێکتار لەوەڕگە سووتاوە.
 
حوسێن شەهابی گوتی، زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەردەشت بووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەو بارەوە نەدرکاند.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاگر لە دارستانەکانی شاری سەردەشت لە باشووری پارێزگای ورمێ کەوتەوە و کوژاندنەوەی سێ رۆژی خایاند. بە گوتەی رەحمەت ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سامانە سروشتییەکان و سامانی ئاوی شاری سەردەشت، بە هۆی ئەو ئاگرکەوتنەوەوە نزیکەی 50  هێکتار دارستانی ناوچەکە سووتا.