سووتانی تایەی ئۆتۆمبێل دانیشتووانی گوندێکی سەر بە ناحیەی دارەتووی بێزارکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دووکەڵ دانیشتووانی گوندی باغەمرەی شەهابی سەر بە ناحیەی دارەتووی بێزار کردووە، موختاری گوندەکە دەڵێت، "هەموو ئێوارەیەک زیاتر لە 20 تایەی ئۆتۆمبێل دەهێنن و لە گوندەکە دەیسووتێنن." پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، "چاودێریی ئەو بابەتەمان کردووە و بە دڵنیاییەوە ئەو دوو کەسە دەستگیر دەکەین."
 
رۆژی شەممە 06-08-2022 جەمال جەواد، موختاری گوندی باغەمرەی شەهاب کە سەر بە ناحیەی دارەتووە، بە رووداوی راگەیاند، "دوو کەسی ئەو گوندە ئێواران نزیکەی 20 بۆ 30 تایە دەهێنن و لە گوندەکە دەیسووتێنن، ئەوەش بێزاری کردووین و ژینگەی تێکداوین."
 
موختاری گوندەکە گوتیشی، "ئەو کێشەیە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵە بەردەوامە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری وەکو، دەستەی ژینگە، پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە قسەم کردووە، بەڵام تائێستا هیچ نەکراوە و ئەو دوو کەسە دەستیان دەچێت و کە دێن تایە دەسووتێنن چەکداریان لەگەڵدایە."
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاودێرییەکی زۆر کراون، بەڵام تائێستا دەستگیر نەکراون و بە دڵنیاییەوە دەستگیر دەکرێن."
 
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو لەبارەی سووتانی تایە لە گوندی باغەمرەی شەهاب بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ ئاگادار نەکراومەتەوە لە کێشەکە، بە دڵنیاییەوە چاودێریی دەکەم و پۆلیس و ئاسایشم ئاگادار کردووەتەوە و چاودێریی دەکەین."