بەربژێرێکی سەرۆککۆمار: لەکاتی چا خواردنەوە لە مەچکۆ دەستگیرکرام

07-08-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێت، لەکاتی چا خواردنەوە و وێنەگرتندا لەگەڵ چوار هاوڕێیدا لە چایخانەی مەچکۆ لە شاری هەولێر دەستگیرکراون و دواتر جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی گوتوویەتی "بە هەڵە" دەستگیرکراون و داوای لێبووردنی لێکردوون.
 
رۆژی یەکشەممە 7ی ئابی 2022، ئومێد پاڵانی، پارێزەر و یەکێک لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ لەگەڵ چوار هاوڕێمدا لە چایخانەی مەچکۆ دوای چا خواردنەوە وێنەیەکمان گرت، دوای وێنەگرتنەکە هێزێکی ئاسایش هاتن و ئێمەیان برد بۆ ئاسایش."
 
بە گوتەی ئومێد پاڵانی، ئاسایش ویستوویانە کەلەپچەیان بکەن، بەڵام دوای خۆناساندنیان کەلەپچە نەکراون. گوتیشی، "خۆمم ناساند کە بەربژێری سەرۆککۆمارم، دوو هاوڕێی دیکەشم پارێزەر بوون؛ دووانەکەی دیکە رۆژنامەڤان بوون، بەڵام لە دەوامدا نەبوون و یەکێکیان مامۆستای زانکۆشە."
 
دوای ئەوەی براونەتە ئاسایشی گشتی، ماوەی زیاتر لە چوار کاژێر راگیراون. ئومێد پاڵانی گوتی، "کاک بەرزان قەساب، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر بانگی کردم و دوای دانیشتن لەگەڵیدا پێیگوتم: بە هەڵە ئێوە هێندراونەتە ئێرە و هەڵەتێگەیشتن هەبووە، ئەگەر ئەزیەتی ئێوەیان داون ئامادەم ئەزێتم بدەنەوە. دوای ئەوە هەموومان ئازادکراین."
 
تائێستا 40 بەربژێر بۆ سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق هەن؛ لەو ژمارەیە هەشتیان کوردن، دیارترینیان بەرهەم ساڵح، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
رۆژی شەممە 6ی ئاب، دیاری محەممەد، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت، 70 پێشێلکارییان بەرامبەر بە 52 رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن تۆمارکردووە؛ 21 پێشێلکاریی دەستگیرکردن، چوار هەڵکوتانە سەر ماڵ، 16 رێگری، پێنج برینداربوون بە گازی فرمێسكرێژ، 23 زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەڤانی و یەک داخستنی كەناڵ.
 
هەر دوێنێ نەوەی نوێ رایگەیاند، بەهۆی خۆپێشاندان و گردبوونەوەوە لە شاری سلێمانی و بەشێک لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکیان دەستگیرکراون؛ دواتر لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رەتیکردەوە هیچ پەرلەمانتار و بەرپرسێکیان دەستگیر کردبێت.
 
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەند کەسێکیان بە تۆمەتی هاندان بۆ خۆپێشاندان دەستگیرکردووە. گوتیشی، "هەندێکیان دوای بەڵێننامەیەک ئازاد دەکرێن و بەشێکیشیان بەگوێرەی یاسای خۆپێشاندان دادگایی دەکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە