کەشتیی سافر... بۆمبە تەوقیتکراوەکەی حووسییەکان لە یەمەن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
رووداوی تەقینەوە گەورەکانی بەیرووت، ترسی زۆری لە دڵی یەمەنییەکاندا دروستکردووە، لەوەی رووداوێکی هاوشێوە لە وڵاتەکەی ئەوانیشدا رووبدات.
 
یەمەن کە ئێستا وڵاتێکی دابەشبووی نوقمی شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەرە، ناوچەکانی بەسەر چەندین دەسەڵاتی ناوخۆیی جیاوازدا دابەشبوون و هەریەک لەو ناوچانە، لەلایەن چەند وڵاتێکی دەرەکییەوە پشتگیریدەکرێن.
 
لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن و لەو ناوچەیەدا کە خاک و دەریا لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر، هۆشداریی کارەساتێکی گەورە دەدات. ئەو تانکەرە گەورەیەی نەوت کە ناوی سافرە، زیانی زۆری پێگەیشتووە لە پەیکەرەکەیدا. حووسییەکان رێگە بە تیمەکانی نۆژەنکردنەوەی نێودەوڵەتی نادەن بچنە سەر کەشتییەکە و چاکی بکەنەوە. ئەمە وایکردووە ترسێکی گەورە دروست ببێت بە تەقینەوە، یان دزەکردنی نەوتەکەی ناوی بۆ ناو دەریای سوور. لە هەردوو حاڵەتەکەدا رووداوەکە وەک تەقینەوەیەکی بێوێنە دەکەوێتەوە کە پێشبینیدەکرێت لەوە زۆر گەورەتر بێت کە لە بەیرووت روویدا.
 
مێژووی کەشتییەکە
 
ئەمباری سافر، بریتییە لە کەشتییەکی جێگیر بۆ ئەمبارکردن و هەڵگرتنی نەوت، لە نزیک شاری حەدیدەی یەمەن لە ناو دەریای سووردا، جێگیرکراوە. لە بنەمادا وەک نەوتگوێزەرەوەیەک ساڵی 1976 لەلایەن کۆمپانیای هیتاچی کۆرپۆرەیشنەوە دروستکراوە، درێژییەکەی 362 مەترە و توانای هەڵگرتنی 192 تۆن شلەمەنی هەیە.
 
لە پاش دروستکردنییەوە، نەوتهەڵگرەکە ناونرا ئیسۆ ژاپۆن، بەڵام لە ساڵی 1987 کرا بە کەشتییەکی ئەمبارکردنی نەوت و لە دەریادا جێگیرکرا و ناوەکەی کرایە سافر، لە دووری حەوت کیلۆمەتر لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن، لەلایەن حکومەتی یەمەنەوە جێگیرکرا و بووە بەشێک لە کەلوپەلەکانی دامەزراوەی گشتیی نەوت و غازی یەمەن. دامەزراوەکە لەوکاتەوە تا شەڕی ناوخۆی یەمەن، بەکاریدەهێنا بۆ ئەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی مەئرەبەوە. سافر توانای هەڵگرتنی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.
 
نەوتهەڵگرەکە وەک کارتێکی سیاسی
 
پسپۆران دەڵێن زیانەکانی هەر رووداوێک کە بەسەر کەشتییە یەمەنییەکەدا بێت، بۆ دەیان ناوچەی جیاواز و وڵاتی جیاواز درێژ دەبێتەوە، جیا لە زیانی گەورە بە ئابووریی جیهان.
 
نەوتگوازەرەوەی سافر، لە بەندەری حەدیدەی یەمەنی لەسەر دەریای سوور لەنگەری گرتووە، سەرچاوەکان بە "بۆمبێکی چێنراو" ناوی بدەبەن، دەڵێن بۆی هەیە لە هەر کاتێکدا بێت، بتەقێتەوە. ئەمەش پاش ئەوەی چەکدارە حوسییەکان رێگەیان بە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان نەدا بچێتە ناو کەشتییەکەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زیانانە بکات کە بەری کەوتووە.
 
سەرچاوە دیبلۆماسییەکان دەڵێن، حوسییەکان ئەو کەشتییە پڕ نەوتە، وەک کارتێکی گوشاری سیاسی لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەکاردەهێنێت، کە لە رێگەیەوە دەیەوێت دەستکەوتی زیاتر، لە هەر گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئاشتی ئەو وڵاتەدا بەدەست بخات.
 
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رازیکردنی حوسییەکان، بۆ رێگەدان بە تیمی نێونەتەوەیی بەگەیشتنە سەر کەشتییەکە شکستیهێنا. تەنانەت حووسییەکان بەوەش رازینەبوون ئەو نەوتەی لە ناو بارهەڵگرەکەدایە بفرۆشرێت، کە بڕەکەی زیاترە لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کرد پارەی فرۆشتنی نەوتەکە، بدرێتە مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی یەمەن، یان لە نێوان حکومەتی یەمەن و حووسییەکاندا دابەش بکرێت.
 
بابەتێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا
 
مەترسییەکانی زیانەکانی کەشتییەکە بۆ ناوەڕاستی 2019 دەگەڕێتەوە. ئەوکات مارک لۆکۆک، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا گوتی: "روودانی دزەکردنی نەوت لە نەوتگوێزەرەوەی سافرەوە، دەکرێ بگاتە باب ئەلمەندەب و کەناڵی سوێسیش، تەنانەت بۆی هەیە درێژ ببێتەوە تا تەنگەی هورمز".
 
حوزەیرانی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ یەکەمجار گفتوگۆی لەسەر بابەتی نەوتگوێزەرەوەکە کرد، کە ئێستا تەمەنی 44 ساڵە، سەرچاوەکان دەڵێن لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە لە 2015، نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە، ئەوەش بووەتە هۆی دزەکردنی ئاو بۆ ناو ژووری ماتۆڕەکانی کەشتییەکە و داڕزینی زۆر لە کەشتییەکەدا.
 
حووسییەکان بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردەوە کە رازین بە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکە لەبارەی چارەکردنی دۆخی نەوتهەڵگرەکەوە، ئەمەش بۆ خۆپاراستن لە هەر گوشارێک کە بکرێتە سەریان، بەتایبەت کە حکومەتی یەمەن بە هەموو هەوڵێک بۆ رزگارکردنی کەشتییەکە رازیبوو. بەڵام دواتر وەک سەرچاوە دیبلۆماسییەکان ئاشکرایانکرد، میلیشیا حووسییەکان چەندین رێگریی تەکنیکییان خستە بەردەم هەر جوڵەیەک بۆ چاککردنی نەوتهەڵگرەکە.
 
بەیرووت خۆی لە یەمەن دووبارە دەکاتەوە
 
لە دوای تەقینەوەکانی بەیرووتەوە، کە بەهۆی باری نیتراتی ئەمۆنیۆمی سەر کەشتییەکەوە روویدا، ترسێکی زۆر لەلای یەمەنییەکان هەیە، لەوەی رووداوێکی هاوشێوە، یان گەورەتریش وڵاتەکەی ئەوان بگرێتەوە.
 
چالاکڤانانی یەمەنی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستی حوسییەکانیان لەبارەی نەوتهەڵگرەکەوە، کە وەک چەک و کارتێکی گوشار لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاریدەهێنن، لەگەڵ بەرپرسیاریەتییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانیدا لەبارەی تەقینەوەی بەندەری بەیرووتەوە، بەراورد کرد. ئەوان گوتیان بەندەری بەیرووت لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادایە و بۆ گواستنەوەی ئەو چەکانە بەکاریدەهێنێت کە لە ئێرانەوە پێیدەگات.
 
محەمەد ئەلئەریان، وەزیری راگەیاندنی یەمەن گوتی: "تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت و ئەو زیانە مرۆییانەی خستییەوە، لەگەڵ زیانە کارەساتاوییەکانی لەسەر ژینگە و ئابووریی لوبنان، ئەو بۆمبە تەوقیتکراوەمان بیر دەخاتەوە کە ناوی نەوتگوێزەرەوەی سافرە و لە نزیک بەندەری راس عیسا لە دەریای سووردا لەنگەری گرتووە".
 
لەلای خۆیەوە هانی مەسهور، رۆژنامەڤانی یەمەنی گوتی، تەقینەوەکەی بەیرووت دوا بەرهەمی کاولکارییانەی ئێران نابێت، چونکە دەبێ دەریای سوور، چاوەڕێی کەشتیی سافر بکات، کاتێک حووسییەکان دەیتەقێننەوە.
 
یەمەنییەکان پێیانوایە، ئەو مەرگەساتەی تەقینەوە یان دزەکردنی نەوتی ناو ئەمباری سافر دروستیدەکات، زۆر لەوە زیاترە کە لە بەیرووت بینرا، چونکە وەک ئەوان دەڵێن دزەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەو جێگا هەستیارەی دەریای سووردا، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بەزۆر زەریا و ناوچەی جیاوازی ناوچەکەدا، دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی جوڵەی بازرگانیی لە دەریادا، سەردەکێشێت بۆ داخستنی تەنگەی باب ئەلمەندەب کە چالاکترین تەنگەی جیهانە لە ئابووریدا.
 
زیانە پێشبینیکراوەکان
 
رێکخراوی "خەونی سەوز" کە تایبەتمەندی پاراستنی ژینگەیە لە یەمەندا، دەڵێت رووداوە پێشبینیکراوەکە، کاریگەریی زۆر لەسەر ژینگەی کەنارەدەریاییەکانی یەمەن دروستدەکات.
 
ماڵپەری رێکخراوەکە دەڵێت، ژینگەی دەریایی و کەناراویی لە یەمەندا لەبەردەم لەناوچوونی یەکجارەکیدایە، کە لە کەناراوەکانی دەریای سوورەوە درێژ دەبێتەوە تا کەناراوەکانی کەنداوی عەدەن. دووپاتیکردەوە ژینگەی یەمەن، هەموو تواناکانی لەدەستدەدات.
 
راپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی یەمەن پێویستی بە زیاتر لە 30 ساڵ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی دزەکردنی نەوتی سافرەوە، دووچاری ژینگەکەی دەبێت، جیا لەوەش 115 دوورگەی قەبارە جیاوازی ئەو وڵاتە لە دەریای سووردا، فرەیی بایۆلۆژیی خۆی لەدەستدەدات و 162 هەزار ماسیگری یەمەنی سەرچاوەی داهاتیان لەدەستدەدەن و دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە 850 تۆن ماسی.
 
ئەمبارەکە چۆن کەوتە دەست حووسییەکان؟
 
ئەمەش یەکێکە لە لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆی یەمەن، ساڵی 2015 حووسییەکان کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانی یەمەنیان کرد، کە شاری حەدیدە و کەناراوەکانی یەک لەو ناوچانە بوو. لەوکاتەوە ئەمبارەکەش کەوتە دەست حووسییەکان و  هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە.
 
ساڵانی دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن حووسییەکانەوە، پەیکەری ئەمبارەکە دووچاری داڕزانی زۆر بوو، مانەوەی نەوت تێیدا بەبێ نۆژەنکردنەوە بووەتە سەرچاوەی مەترسییەکی گەورە، ئێستا 1.14 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە کە بەهاکەی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلارە.
 
بەهەڵمبوونی نەوتی ناو ئەمبارەکە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە پێشتر ئەو نەوتهەڵگرە، خۆی لە ناوخۆیدا لە رێگەی غازی سووککراوەوە، بەهەڵمبوونی نەوتی چارە دەکرد، ترس هەیە لەوەی داڕزانی پەیکەری کەشتییەکە و دزەکردنی ئاو بۆ ناو زۆرینەی شوێنەکانی ئەمبارەکە، وایکردبێت نەوتهەڵگرەکە توانای چارەسەرکردنی خۆبەخۆیی بەهەڵمبوونی نەوتی نەمابێت و ئەوەش ئەگەری تەقینەوەی زۆر زیاد دەکات.