یەكێتی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی یەكلاییكردەوە

07-08-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن یەكێتی هەڵەبجە
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەكێتی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی یەكلاییكردووەتەوە و دەڵێت، لەلای یەكێتی یەكلایی بووەتەوە، كە ئازاد تۆفیق بكرێتە پارێزگاری هەڵەبجە.

راهبەر سەعید ئیبراهیم، ئەندامی سەركردایەتی ‌و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلای یەكێتی ئەوە یەكلایی بووەتەوە، كە ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندنی ئەو حیزبە بكرێتە پارێزگاری هەڵەبجە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی ‌و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: ''ئیشوكاری بە پارێزگاربوون ‌و چۆنییەتی دەستبەكاربوونی كاك ئازاد لەلای حكومەت ماوە، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە یەكلایی بووەتەوە، تاكە بەربژێری یەكێتی بۆ ئەو پۆستە ئازاد تۆفیقە".

پێشتر ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 9ـی شارەزووری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بە نووسراوی فەرمی ناوی هەریەك لە (ئازاد تۆفیق، سەعید سەید قادر، عوسمان عەبدوڵڵا‌ و عەلی عوسمان)یان پێشنیازكردووە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە یەكێكیان بدرێت.

ئێستا عەلی عوسمان لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەوەكالەت پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێوەدەبات.

رۆژی 26-12-2013 لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نووری مالیكی كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی بە فەرمی رادەستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد، پاش ئەوەی ئەویش رەزامەندی لەسەر نیشان دا، خرایە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە و دواجار پەسەند كرا، كەچی حكومەت نەیخستە بواری جێبەجێكردنەوە و تاوەكو ئێستاش لەنێو فایلێكی داخراودا ماوەتەوە. 

ئەوە لەكاتێكدا كە رۆژی 16-3-2014 و هاوكات لەگەڵ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، سەرۆک مەسعود بارزانی، مەرسوومی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە