یوئێن ژنانی هەڕەشەلێكراو لە شەڵتەرەكان دەگوازێتەوە

رووداو- سلێمانی

ئاژانسێكی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دوو پرۆژە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە كوردستان جێبەجێ‌ دەكات، یەكێكیان تایبەتە بە ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش، ئەوەی دیكەشیان تایبەتە بەو ژنە هەڕەشەلێكراوانەی لە شەڵتەرەكانن.

هەردوو پرۆژەكە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە و ماوەی پرۆژەكانیش دوو ساڵ و شەش مانگ دەخایەنێ‌. پرۆژەی یەكەمیان تایبەتە بە گواستنەوەی ژنانی نێو شەڵتەرەكان لە هەرێمی كوردستان. پرۆژەی دووەمیشیان تایبەتە بەو ئافرەتانەی پێشتر كەوتوونەتە دەستی داعش و رزگار كراون، ئەو ئافرەتانە سەرەتا هۆشیار دەكرێنەوە، پاشان هەلی كاریان بۆ دابین دەكرێ‌.

لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا چەند شەڵتەرێك هەن بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی لەلایەن كەسوكاریانەوە هەڕەشەیان لەسەرە، شەڵتەرەكان سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین و ئەركی گواستنەوەی ژنەكانیش لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە، بەڵام ئەو قەیرانە داراییەی زیاتر لە دوو ساڵە رووبەڕووی كوردستان بووەتەوە، كاریگەری لەسەر گواستنەوەی ئەو ژنانەش جێهێشتووە.

ئاری رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و سەرپەرشتیاری ئەو پڕۆژانە بە (رووداو)ی راگەیاند، پڕۆژەكەیان لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی ژنانە و بە سێ‌ قۆناغ جێبەجێ‌ دەكرێت "قۆناغی یەكەم لە شەش مانگی نیوەی دووەمی ئەمساڵەوە دەست پێدەكات كە هاوكاری ماددییە بۆ گواستنەوەی ئەو ژنانەی لە شەڵتەرەكان لەنێوان شارەكاندا دەگوازرێنەوە، چونكە حاڵەتەكان زۆرن و ئەوەش پێویستی بە بودجەیە، لەم قەیرانەشدا حكومەت ناتوانێت وەكو پێویست هاوكاریمان بكات".

ئاری گوتی "هەر ژنێك لە هەر شارێكدا هەڕەشەی لەسەربێت بۆ شەڵتەری شارێكی دیكە بە ئۆتۆمبێلی حكومی دەگوازرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەكەمان بەشێوەیەك كەمكراوەتەوە كە توانای دابینكردنی بەنزینیشمان نییە، بۆیە ئێستا یوئێن هاوكاریمان دەكات".

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان شەش بەڕێوەبەرایەتی و 29 نووسینگە و 22 مۆبایل تیمی هەیە كە تیمەكان بەشێوەی گەڕۆك لەنێو كەمپەكاندا كار دەكەن، ئەوە جگە لە سەنتەری راوێژكاریی خێزان لە هەندێك لە بەڕێوەبەرایەتیدا.

ئاری رەفیق بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرا كرد كە لەو شەش مانگەدا بۆ ئەو مەبەستانە خەرج دەكرێن و گوتی "50 هەزار دۆلار بۆ شەش مانگی ئەمساڵ تەرخان كراوە، پارەكە زۆر كەمە، چونكە دەبێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگە و تیمە گەڕۆكەكان خەرجی بكەین".

بەهۆی دروستبوونی شەڕی داعش و داگیركردنی چەندین ناوچە لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە نێوەڕاستی ساڵی 2014ەوە، بە سەدان هەزار ژن و كچ كەوتنە بندەستی ئەو رێكخراوە كە زۆرینەیان كوردی ئێزدی بوون و  بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەوە.

ئاری رەفیق گوتی قۆناغی دووەم و سێیەمی پڕۆژەكە تایبەتە بەو ژنانە و لە ساڵانی 2017 و 2018 جێبەجێ دەكرێ. ئاری گوتی "ئەو دوو قۆناغەش لە نێو كەمپەكاندا جێبەجێ‌ دەكرێن، قۆناغێكیان پێشكەشكردنی یارمەتی دەروونی و تەندروستی و یاسایی و كۆمەڵایەتییە بۆ ئەو ژنانە".

سەبارەت بە قۆناغی سێیەمیش، ئاری گوتی دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ ئەو ژنانە بۆ ئەوەی ئەو گوشارە دەروونییەی لەسەریان دروستبووە كەم بكرێتەوە، بەڵام لە ساڵی داهاتووەوە پڕۆپۆزەڵ بۆ دوو قۆناغەكەی دوایی پێشكەشی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن.

بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، چیرۆكی زۆر لەبارەی سەختیی ئەو كاتانە دەگێڕنەوە كە لای داعش بوون و ئەستەمە لەبیری بكەن، ئاری دەڵێت "ئەو پڕۆژانەی بۆیان دەكرێت هەنگاون بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیانیان، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەییش بێت، دەتوانن سوودی لێوەربگرن".

ئەو پڕۆژەیەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ژنانی كوردی ئێزدی لە كاتێكدایە كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵیشدا پرۆتۆكۆڵێكی دیكە لەنێوان كونسوڵگەری گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان راگەیەندرا و لەمەودوا بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە مامەڵە لەگەڵ ژنان و كچانی رزگاربووی ململانێ چەكدارییەكان دەكرێت، بەتایبەتیش ژنان و كچانی رزگاربووی دەستی داعش.

بەپێی پڕۆتۆكۆلەكە، كونسوڵگەری گشتی بەریتانیا هاوكاری ئەنجوومەنی باڵای خانمان دەكەن تا بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ژنان و كچانی رزگاربووی دەستی داعش بكەن، هەروەها لەڕووەكانی یاسایی و دەروونی و پزیشكییەوە راهێنانەوەیان پێبكەن و پاشان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دۆسیەكەیان بە جینۆساید بناسێنرێ‌.