بەهۆی دەربڕینی خۆشی بۆ سەرکەوتنی هۆڵەندا شەش کەس لە عەفرین دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: بەهۆی دەربڕنی دڵخۆشییان بە بردنەوەی هۆڵەندا لە تورکیا، دەزگای هەواڵگریی تورکیا شەش هاووڵاتییان لە عەفرین دەستگیرکردووە.
رێکخراوی دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە باکووری سووریا رایگەیاند، "لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا دەزگای هەواڵگریی تورکیا چوار هاووڵاتی لە یەکێک قاوەخانەکانی نێوەڕاستی شارۆچکەی عەفرین دەستگیرکرد، دوای ئەوەی دڵخۆشییان بە دۆڕانەکەی شەوی رابردووی هەڵبژاردەی تورکیا بەرامبەر بە هۆڵەندا لە چارەگی کۆتایی جامی یۆرۆی 2024 دەربڕیوە."
بەپێی راگەیێندراوی ئەو رێکخراوە، تورکیا دوو کەسی دیکەی دەستگیرکردووە کە "لە فەیسبووک کۆمێنتیان بۆ سەرکەوتنی هۆڵەندا نووسیوە و دڵخۆشیان نیشانداوە".
شەوی رابردوو یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و هۆڵەندا لە چارەگی کۆتایی جامی یۆرۆی 2024 کرا. هۆڵەندا بە ئەنجامی دوو بە یەک لە تورکیای بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی.
بەپێی رێکخراوەکە، هاووڵاتییان دوای بردنەوەی هۆڵەندا هاوار و درووشمیان گوتووەتەوە، ئەوەش وایکردووە دەزگا ئەمنییەکان ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە بە دۆڕاندنی تورکیا دڵخۆشییان دەربڕیوە.
یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن. دوای یارییەکە، هاندەرانی تورکیا و هۆڵەندا لە دەرەوەی یاریگە لە بەرلینی ئەڵمانیا بووە شەڕیان. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، هاندەرانی هەڵبژاردەی تورکیا شەڕەکەیان دەستپێکردووە و هێرشیان کردووەتە سەر هاندەرانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا. پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە بوون.