CPT: تورکیا بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و 602 گوند مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە

07-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) رایگەیاند، لە مانگی رابردووەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دەستپێکردووە و ژمارەیەک بنکەی سەربازیی نوێی دامەزراندووە، بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی کوردستانەوە. دەشڵێت، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتەوە 162 گوند لە هەرێمی کوردستان چوڵکراون و و زیاتر لە 602 گوندی دیکەش مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
بەپێی راپۆرتی (CPT) "لە 15ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و شەش گوندی ناوچەکە کردووە. هەروەها لە 25 حوزەیراندا سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، رۆژی دواتر سوپای تورکیا حەوت بارەگای سەربازیی نوێی لەسەر لووتکەی چیای گوندەکانی کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لە سنووری قەزای باتیفا دامەزراند."
 
رێکخراوەکە تایبەتمەندە بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، رایگەیاندووە: "دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە رێکخراوی CPT یان راگەیاند 'لە رۆژی 27ـی حوزەیران سەربازانی تورکیا چوونەتە نێو گوندەکەیان و ناچاریانکردوون گوندەکەیان جێبهێڵین'."
 
بەپێی رێکخراوەکە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانە. لە دەڤەری بەرواری باڵا سوپای تورکیا بە قوڵایی 15  کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
 
سی پی تی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - هەورەبرووسکەدا بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا 238 جار بۆردوومان و هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی هەبووە، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای دهۆک بوون.
 
بەهۆی ئەو بۆردوومان و هێرشانەوە، زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سسوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤە، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی 55٪ـی دارستان و رەز و باخی هاونیشتمانیانی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سووتاون. 
 
رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) باس لەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی 162 گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسیی چۆڵبووندان. 
 
رێکخراوەکە بە پشتبەستن بە قسەی دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ رایگەیاندووە، بەرەبەیانی رۆژی 4ـی ئەم مانگە هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی 45 زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە نێوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون. ئەوەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا. دانیشتووانی گوندەکە ترسی ئاوارەبوونیان هەیە.
 
رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ئاماری هێرش و پەلامارەکانی تورکیاشی لە هەرێمی کوردستان دۆکیۆمێنت کردووە، بەپێی ئەو رێکخراوە، لەسەرەتای کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبووە، بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
- 526یان هێرش و بۆردوومان بۆ سەر پارێزگای دهۆك
- 405 هێرش و بۆردوومان لە سنووری پارێزگای هەولێر
- 135 هێرش و بۆردوومان لە سنووری پارێزگای سلێمانی 
- 10 هێرشیان بۆ سەر سنووری پارێزگای نەینەوا بوون.
- 93٪ـی بۆردوومانەکان لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە کراون.
 
لەکاتێکدا لە ساڵی 2023 سوپای تورکیا هەزار و 548 جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانی هەبووە، سەرباری شەهیدبوونی 8 هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەم ساڵدا. لە هێرشەکانی سوپای تورکیا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانیان بەرکەوتووە. 
 
رێکخراوی (CPT) رایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکرا. 
 
لە دوایین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوت. لە ئێوارەی رۆژانی 4 و 5ـی تەممووزی ئەم ساڵ دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنەخوارەوە و سەرباری زیانگەیاندن بە خانووی سێ هاونیشتمانیی سڤیل، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.
 
تیمی کوردستانیی عێراقی CPT، لە کۆتایی راپۆرتەکەدا دەڵێت: "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە دوایین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانێت، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنی لە سنووری قەزای ئامێدی هەیە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە