نرخی مریشکی زیندوو سەرووی هەزار دینار بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و لە هەولێر کیلۆی 3 هەزار و 750 دینارە.
 
بەشدار رەشۆ، خاوەنی دووکانی فرۆشتنی مریشک لە گەڕەکی هەولێری نوێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کیلۆیەک مریشک 3 هەزار و 750 دینارە".
 
لە سلێمانی هەرزانترە. کاروان محەممەد، مریشکفرۆش لە شارەکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 3 هەزار و 600 دینار دەفرۆشن.
 
کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، کیلۆیەک مریکشی زیندوو 2 هەزار و 400 دینار بوو، سەرەتای مانگی حوزەیران، بۆ 2 هەزار و 800 دینار بەرزبووەوە و لەو کاتەوە بەردەوام بەرزدەبێتەوە.
 
هەبوونی خواست و بوونی ڤایرۆس لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دادەنرێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر میشکی زیندووە تاوەکو بەستوو؛ بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
 
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە