لینکی دامەزراندنی 17 هەزار و 50 کەس لە نەینەوا کاراکرا
رووداو دیجیتاڵ
17 هەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن و لە ئەمڕۆوە ئارەزوومەندان دەتوانن ناوی خۆیان پێشکێش بکەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، دابەشکردنی پلەی وەزیفی دادپەروەرانە و بەگوێرەی چڕیی دانیشتووان دەبێت.
دیوانی پارێزگای نەینەوا، لینکی پێشکێشکردنی بۆ دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست لە پارێزگاکە بڵاوکردەوە کە بڕیارە 17 هەزار و 50 کەس دەبن و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و بێ بڕوانامەکانیش مافی ئەوەیان هەیە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
دامەزراندنەکە بەپێی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق دەبێت، ژمارەیەک مەرج دانراون بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فۆرمەکە پڕبکەنەوە، لەنێویاندا:
- هاووڵاتیی عێراقی بێت.
- دانیشتووی پارێزگای نەینەوا بێت.
- پێشکێشکار تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 45 ساڵ بێت.
- رابردووی خاوێن بێت، بە تاوان یان کەتنی ئابڕووبەر یان بەفێڕۆدانی سامانی گشتی سزانەدرابێت و دوورنەخرابێتەوە.
ئەوانەی دامەزراندنەکە دەیانگرێتەوە دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە داواکاری پڕبکەنەوە: https://emp.ninava.gov.iq/
بە گوێرەی پارێزگای نەینەوا، پێشکێشکردن بە دوو کەناڵ دەبێت. یەکێکیان گشتییە و ئەوی دیکەی تایبەتە کە ئەمەی دوایی پەیوەندی بە کەسوکاری شەهیدان و پێکهاتەکانەوە هەیە.
پێکهاتەکان رێژەی 2٪یان بۆ تەرخان دەکرێت و دەبێت پێشکێشکار بە بەڵگە بیسەلمێنێت کریستیان، کوردی ئێزدی، سابیئە، کوردی فەیلی یان کوردی شەبەکە.
5٪ـی دامەزراندنەکەش بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت تەرخان دەکرێت. هەروەها لە دامەزراندنەکەدا رەچاوی ساڵی دەرچوون، منداڵ و کۆمەڵێک خاڵی دیکە دەکرێت.
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 66ـی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025، 150 هەزار کەس بە گرێبەست لە 15 پارێزگای عێراق دادەمەزرێندرێن. دابەشكردنی ژمارەکە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت و مەرجە 75٪ـی دامەزراندن بۆ هەڵگرانی بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و دبلۆم بێت. گرێبەستەکە بۆ سێ ساڵ دەبێت و مووچەی مانگانە 300 هەزار دەبێت.
جاسم محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دابەشکردنی ئەو ژمارەیە بەسەر یەکە کارگێڕییەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر ناوچە و یەکەی کارگێڕی دەبێت. ئێمە چاودێریی دابەشکردنەکە دەکەین لەپێناو گەرەنتیکردنی شەفافیەت لە دابەشکردنیان".