بافڵ تاڵەبانی: داهاتوومان تەنیا بە یەکبوون و برایەتی زامن دەبێت


رووداو- هەولێر 

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەبێت پەند لە وانە مێژووییەکان وەربگرین و بە رۆحێکی کوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین؛ داهاتوویەک کە تەنیا بە یەکێتی، یەکبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بکەین". 
 
رۆژی هەینی، 7ـی تەممووزی 2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی بە بۆنەی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "100ساڵ لەمەوبەر بێ ئامادەبوونی کورد و تەنانەت را وەرگرتنیشی، رێککەوتننامەی لۆزان دژی گەلی کورد واژۆکرا؛ رێککەوتننامەیەک کە سەرەتایەک بوو بۆ لەناوبردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد و دابەشکردنی خاکەکەمان بەسەر چوار پارچەدا".
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "بەدرێژایی مێژوو، گەلی کورد هەوڵی بۆ برایەتیی گەلان و پێکەوەژیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووینەتە قوربانیی زوڵم و ستەمی وڵاتان. هەموو جۆرەکانی تووندوتیژیمان بەرامبەر ئەنجامدراوە و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسمان دراوە. بەڵام ئەمە نەک ئێمەی نەسڕییەوە، بەڵکو بە شۆڕش و خەباتی نەبڕاوەی گەلەکەمان لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازی بەهێزتربووین و وەک شاخە سەرکەشەکانمان بەپێوە ماینەوە".
 
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "ئێستاش دوای تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنامەیە و هەموو ئەو قوربانییانەی بەدرێژایی مێژوو داومانە، دەبێت پەند لە وانە مێژووییەکان وەربگرین و بە رۆحێکی کوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین؛ داهاتوویەک کە تەنیا بە یەکێتی، یەکبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بکەین. پێکەوە لەپێناو کوردستانی گەورە و پاراستنی شوناسمان خەبات بکەین و جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانەوە. ئەمەش تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی وەک میللەتێکی زیندوو و خاوەن ماف دەنگمان بە جیهان بگەیەنین و بەرگری لەخۆمان بکەین".
 
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ناکۆکییەکان وەلا بنێن و رایدەگەیەنێت، "ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالە؛ ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیوانیی کوردان و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەکەیدا دەبینێتەوە؛ سیاسەتێک کە ئامانجەکەی سەربەرزیی کوردان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە. بۆ ئەمەش روو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەم و دەڵێم راستە ئێمە جیاوازییەکانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاکە هاوبەشەکەمان خاڵی کۆکەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێبکەین".
 
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەڵێت، "بە هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێکانیشمان دەڵێین، شەڕ و ناکۆکی بژاردەی ئێمە نییە و بەهەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە. دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان گەشە پێبدەین و دراوسێیەکی باش بین، بەڵام سازش لەسەر مافە رەواکانمان ناکەین و بەهەمووشێوەیەک بەرگرییان لێدەکەین. نابێت لەیادیشمان بچێت کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە دەیفەرموو، تاوەکو کێشەی کورد لە رۆژهەڵات چارەسەر نەکرێت، ئاشتی یەکجارەکی لە ناوچەکە بەدینایەت".
 
لە 24/7/1923، وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان لەگەڵ تورکیا، پەیماننامەیەکیان واژۆکرد کە بە پەیماننامەی لۆزان ناوبرا.
 
ئەو پەیماننامەیە لە شاری لۆزانی سویسرا و لەنێوان تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، یوگسلافیا واژۆکرا و لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دەوڵەتی عوسمانی رێککەوتن کە ئەمەش کوردستانی بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا دابەشکرد.