لە شەڕێکدا لە تەقتەق 3 هاونیشتمانی بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕێکدا لە شارۆچکەی تەقتەقی سنووری قەزای کۆیە 3 هاونیشتمانی برینداربوون.
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە ئەمڕۆ هەینی، 7-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم پارکی گشتیی تەقتەق شەڕ لەنێوان دوو برا و ئامۆزایەک لە لایەک و ژمارەیەک هاونیشتمانی دیکە روویدا.
هاوکار عەلی گوتی، لە شەڕەکەدا سێ هاونیشتمانی بریندار بوون کە دوو برا و ئامۆزاکەن و تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵییدایە و چەقۆ بەر پشت و سکیان کەوتووە.
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە گوتی، هەردوو لایەنی شەڕکەر لەنێو ئۆتۆمبێلدا بوون و دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەنێوانیان، لە ئۆتۆمبێل دابەزیون و بە چەقۆ شەڕیان کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکان لە چاودێریی چڕدایە.
بە گوتەی هاوکار عەلی، تاوەکو ئێستا هیچ کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.