لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە مهاباد سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە مهاباد ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دوو هاونیشتمانیی دیکەیش برینداربوون.

شەوی هەینی، 7ـی حوزەیران لە سێڕیانی ترشەکانی نزیک شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و ئاگری تێبەربوو.
 
سەردار فەداکار، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلێک بە پێنج سەرنشینەوە لە سێڕیانی ترشەکانی نزیک شاری مهاباد وەرگەڕاوە و دەستبەجێ گڕیگرتووە و سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و دوو هاونیشتمانیی دیکە بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە".
 
بە گوتەی سەردار فەداکار، "بەهۆی زۆری بڕی سووتانەکەیان، دۆخی تەندروستی دوو بریندارەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان".
 
هەر ئەمڕۆ لە پیرانشار ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و دوو هاونیشتمانیی دیکە برینداربوون. بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ورمێ هۆکاری رووداوەکەی بۆ نەبوونی هێمای هاتووچۆ گەڕاندەوە و گوتی، شۆفێرەکە شارەزای رێگەکە نەبووە.