بۆردوومانەکانی تورکیا بوونەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی سنووری دهۆک

07-07-2023
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
بۆردوومانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن تورکیاوە.
بۆردوومانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن تورکیاوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2015، سوپای تورکیا جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام ئەو ناوچانە تۆپباران دەکرێن. 
 
لەبەر بۆردوومان و تۆپبارانی بەردەوام لە هەندێ ناوچەی پارێزگای دهۆک، دانیشتووانەکەیان دیمەنی بۆردوومانەکان تۆماردەکەن و خەریکە دەبێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان. فایەق بەلاڤەیی، یەکێکە لەو کەسانەی موبایلەکەی پڕە لە دیمەنی بۆروومانەکانی تورکیا. 
 
ئەو ماوەی پێنج ساڵە لە گوندی بەلاڤە، کە دەکەوێتە نێوان چیای مەتین و گارە لە سنووری ناحیەی دێرەلۆک، وێنە و ڤیدیۆی تۆپباران و بۆردوومان دەگرێت و بەشێک لەو شوێنانە 320 جار تۆپباران و بۆردوومان کراون. 
 
فایق دەڵێت، تۆمارکردنی ئەم دیمەنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بۆردوومانەکان بەردەوامن. ئەم ناوچەیە، شوێنێکی سڤیل نشینە نەک سەربازی. منیش بە گرنگم زانی دیمەنەکان بڵاوبکەمەوە بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە لە سایەی بۆردوومانەکان پێشانبدەم." 
 
منداڵەکانی فایەق لەنێو یاری و لە ماڵەوەش، لەبەر دەنگی تۆپباران و بۆردوومان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن. رۆژدای کچی دەڵێت، "ئێمە یاری دەکەین، دەنگی تۆپباران دێت. ئێمەش دەترسین و دەگرین. کە دەنگی فڕۆکەش دێت، لە ترسان دەچینە ژوورەوە" 
 
فایەق نەک هەر لەو کاتەی لە ماڵەوەیە، بەڵکو ئەو کاتەشی کە لەسەر کارە، چاوی کامێراکەی بەردەوام ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی دیمەنی چاوەڕواننەکراوی بۆردوومانەکان. ئەو دەڵێت، زۆرجار لەکاتی کارکردندا ناوچەکەیان تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت و "هیچ چارەمان نییە. یان دەبێت لە کارکردن بەردەوام بین، یانیش ئەوەتا دەبێت چۆڵی بکەین." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە