رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. کاروانەکە 350 حاجیی هەولێر و کۆیەی لەخۆگرتووە.
محەممەد کەریم، حاجی بە رووداوی گوت، "دوعامان بۆ کوردستان و خزم و کەسوکارەکانمان کردووە، ئینشاڵڵا کوردستان هەر پارێزراو دەبێت، چونکە دوژمنی زۆرە."
کاراون خۆشناو، حاجییە و دەڵێت، "دوعام بۆ خزمان و کەسوکارەکەم کردووە، ئینشاڵڵا حەجمان قبووڵ دەبێت."
زەینەب عەزیز، یەکێکی دیکەیە لەو حاجییانەی ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە و گوتی، "دوعام کرد خودا لە گوناهەکانمان خۆشبێت و کوردستان پارێزراوبێت."
زیاتر لە سێ هەزار و 990 حاجی بە فڕۆکە و 690 حاجیش لە رێگەی وشکانییەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. گەڕانەوەی حاجییان تاوەکو 11ـی ئەم مانگە کە دوایین کاروانە، بەردەوام دەبێت.
شەوقی کەریم، حاجی باسی لەوە کرد، "17 ساڵ بوو ناوم دەنووسی هەر نەدەگەڕایەوە بۆ حەج، باشبوو ئەمجارە ناومان گەڕایەوە و چووین."
کەمال حەمەدەمین، حاجییەکەی دیکەیە و لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە رووداوی گوت، "باشبوو سوپاس بۆ خوا هیوایەتەکەم هاتەدی کە چووین بۆ حەج."
تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلار و بە رێگەی وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بووە.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف رایگەیاند، "حەجی ئەمساڵ جیاواز بوو لە حەجی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ هەموو هەوڵەکانمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی کەمترین کێشە بۆ حاجییان دروست نەبێت."
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ 4,684 کەس بووە، لە حەجی ئەمساڵدا چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و لە سعودیە بەخاکسپێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ