بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات پشتبەستن بە نەوت و گاز کەمبکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی پێشوازی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی 12ی هەرێمی کوردستان کرد. بافڵ تاڵەبانی لەو دیدارەدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە قوتابییان، داوایکرد پشتبەستن بە نەوت و گاز کەمبکرێتەوە. 
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قوتابییە یەکەمەکانی گوت، "دۆخی کوردستان زۆر باش نییە، بەڵام ئێوە توانیوتانە بە ماندووبوونی خۆتان ببن بە یەکەم؛ بۆیە سەری هەموو کوردستانتان بەرز کردووەتەوە".
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، دڵخۆشە بەوەی زۆرینەی یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان کچن و لەبارەی داهاتووی قوتابییانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، "کە قوتابی لە زانکۆ دەردەچێت، پێویستە کاری دەست بکەوێت، بەڵام ئەگەر کارەکان هەموویان بە کەرتی نەوت و گازەوە بەسترابنەوە، کار نابێت".
 
بافڵ تاڵەبانی بە قوتابییە یەکەمەکانی راگەیاند، "دوور لە حیزبایەتی، حەز دەکەم ئاگام لێتان بێت و کاتێک خوێندنتان تەواوکرد، پێمخۆشە بزانم چی دەکەن؛ گوێش نادەمە ئەوەی سەر بە چ حزبێکن"؛ هاوکات ئاماژەی بە سەردەمی قوتابیبوونی خۆی کرد و گوتی، "دەستخۆشیتان لێدەکەم و دەڵێم خۆزگەم بە خۆتان، لەبەر ئەوەی من خوێندکارێکی تۆزێ تەمبەڵ بووم؛ هەرچەندە زوو فێر دەبووم، بەڵام خۆم بە خوێندنەوە ماندوو نەدەکرد".
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "دڵنیام ئێوە کوردستان دروستدەکەن. ئێمە زۆرمان نەماوە و پیر بووین، بەڵام ئێوە دەتوانن خزمەتی کوردستان بکەن و بیبەن بۆ قۆناخێکی دیکە، کە بیر لە کوردستانیش دەکەنەوە، لە حیزبایەتی جیای بکەنەوە. ئێمە کوردین و دەبێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان خزمەت بکەین؛ دڵنیاشم ئاڵای کوردستان لەناو دڵی هەمووتاندایە".
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قوتابییەکانیشی خەڵات کرد.