ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تۆن شووتی بەرهەمدێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەرهەمی شووتی لە هەرێمی كوردستان ساڵانی رابردوو گەشەسەندنێكی خێرای بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک بەرهەمی شووتیی خۆماڵی لە ساڵی 2020دا گەیشتە 185 هەزار تۆن، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە، بەرهەمەکە لە ساڵی 2021 کەمبووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کەمتریش ببێتەوە، بەڵام هێشتا بەشی پێویستی نێوخۆ زیاتر بەرهەمدێت.
 
بەرهەمی شووتی لە هەرێمی کوردستان
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2020دا بەرهەمی نێوخۆیی شووتی 185 هەزار تۆن بووە و 112 هەزار تۆنیش هاوردە کراوە، ئەمەش لە ساڵی 2007ـەوە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی شووتییە،" گوتیشی: "بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە، بەرهەمەکە لە ساڵی 2021 بۆ 108 هەزار تۆن کەمبووەوە و لەو ساڵەدا 57 هەزار تۆنیش هاوردە کرا."
 
لەبارەی پێشبینییەکانیش بۆ بەرهەمی ئەمساڵ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو کۆتایی وەرز ناتوانین بڕی بەرهەم دیاریبکەین، بەڵام بێگومان وشکەساڵی، کاریگەریی خۆی دەبێت." پێشبینییش دەکات کە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تۆن شووتی بەرهەم بێت.
 
ئه‌حمه‌د جه‌میل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک پێنج هەزار و 331 دۆنم زەویی بە شووتی داچێنراوە، بەگوێرەی فراوانیی زەوییەکە، پێشبینی دەکەن زیاتر لە 18 هەزار و 500 تۆن شووتی بەرهەم بێت، کە پاریش هەمان بڕ بەرهەمهات.
 
بەڵام لە سنووری سلێمانی داچاندن و بەرهەم زیاترە. هێڤی ئەبوبەکر عوسمان، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ رووبەری 30 - 40 هەزار دۆنم زەوی کراوە بە شووتی، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 40 هەزار تۆن شووتی بەرهەمبێت.
 
بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، شووتی زیاتر لە پێنجوێن و شارەزوور دەکرێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە شارەزوور بەرهەم کەمیکردووە، بەڵام لە پێنجوێن وەکو ساڵانی رابردووە.
 
بەگوێرەی بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی، ساڵی رابردوو 120 دۆنم شووتی لە شارەزوور کرا، بەڵام ئەمساڵ کەمکراوەتەوە بۆ 90 دۆنم.
 
لە هەولێر بەرهەمی شووتی زیادیکردووە
 
پێچەوانەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی شووتی لە سنووری پارێزگای هەولێر زیادیکردووە. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پلانمان دانابوو ئەمساڵ پێنج هەزار و 472 دۆنم زەوی بە شووتی دابچێنین، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە چوار هەزار و 824 دۆنم کرا.
 
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کردووە، "لە هەر دۆنمێک زەویدا لە هەولێر نزیکەی پێنج تۆن شووتی بەرهەمدێت. بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و پێشبینییەکانیش، بەرهەمی ئەمساڵ نزیکەی 27 هەزار تۆن دەبێت."
 
هەناردەکردن نرخی شووتیی بەرز کردووەتەوە
 
هەڵکەوت محەممەد، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی گشتیی جووتیارانی کوردستان بە رووداوی گوت، "هیچ چاودێرییەک لەسەر بڕی بەرهەمی نێوخۆیی شووتی نییە، بەڵام شووتی لە تەماتە و خەیار زیاتر بەرهەمدێت و لە پێویستیی نێوخۆیی زیاترە و هەناردە دەکرێت بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
 
بە گوتەی هەڵکەوت محەممەد، "نزیکەی دوو هەفتە بەر لە ئێستا، یەک بار شووتی (هەزار بۆ هەزار و 200 ) کیلۆ، بە 120 - 150هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا کە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت، نرخی یەک بار بەرزبووەتەوە بۆ 250 - 400هەزار دینار."
 
"حەشدی شەعبی رێگری لە هەناردەکردنی شووتی دەکات"
 
هێڤی ئەبوبەکر عوسمان، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، "ئەو شووتییەی کە لە پێویستی نێوخۆیی زیاترە، بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەکرێت."
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "لە رێگەکانی کەرکووکەوە، شووتیی هەولێر بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت، بەڵام هەندێکجار حەشدی شەعبی رێگری لە بارهەڵگرەکان دەکات و سەرئێشەیان بۆ دروستدەکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر ئەوەیشی خستەڕوو، "بۆ چارەسەکردنی ئەو گرفتە، گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک کردووە، [کە هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵماندا هەیە]."
 
بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی باجی زیاتر خراوەتە سەر شووتیی هاوردە
 
بە گوتەی حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆ، "باجی زیادە دەخەینە سەر بەرهەمی هاوردە، بۆئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی بکەین و ئەمساڵیش بۆ یەک کیلۆ شووتیی تورکی و ئێرانی، 750 دینار باجمان داناوە"، ئەمەش وایکردووە، بازاڕی هەرێمی کوردستان 100% پشت بە شووتیی خۆماڵی ببەستێت.
 
جۆرێکی شووتیی خۆماڵی لەنێوچووە
 
لە هەرێمی کوردستان، چەند جۆرێک شووتی بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام پێشتر زیاتر شووتییەک دەکرا کە ناوی (نیگارا) بوو و شێوەی درێژ و رەنگی سەوزی کاڵ بوو.
 
هەڵکەوت محەممەد، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی گشتیی جووتیارانی کوردستان دەڵێت، "شووتی نیگارا لە هەشتاکانی سەتەی رابردوودا زۆر دەکرا، بەڵام ئێستا نەماوە و رەنگە چەند جووتیارێک تەنیا بۆ خواردنی خۆیان بیکەن." گوتیشی، "ئێستا شووتیی سپی، هێڵدار، گۆیی و درێژ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و سەرجەمیان ناو سوورن."