فارووق مەلا مستەفا خەڵاتی گلۆبەڵ ئیکنۆمیکسی پێبەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
فارووق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە لایەن دامەزراوەی گلۆبەڵ ئیکنۆمیکسەوە خەڵاتکرا، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە پەرەدان بە گەشەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق بینیویەتی؛ هەروەها بەهۆی ئەو دیدگەیەی بۆ کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دایڕشتووە.
گلۆبەڵ ئیکنۆمیکس خانەیەکی بڵاوکردنەوەی ناسراوە و گۆڤارێکی وەرزیش بڵاودەکاتەوە کە تایبەتە بە بزنس و بارەگاکەی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە. گلۆبەڵ ئیکنۆمیکس ساڵانە میوانداری بەرنامەی خەڵاتی ساڵانەی ئابووریی جیهانی دەکات و تێیدا رێز لە کاری کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان لە کەرتە جیاوازەکان دەنرێت.
ساڵانە گلۆبەڵ ئیکنۆمیکس سەرنج لە کاری ئەو بزنسمانانە دەدات کە کاری دیاریان کردووە لەو بوارەی بتوانن گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا بکەن. وەک کۆمپانیای ئاسیا سێڵ دەڵێت، ئەمساڵ گلۆبەڵ ئیکنۆمیکس بەدواداچوونی بۆ ئەو بوارە لە عێراق کرد و تیمی هەڵسەنگێنەر سەرسام بوون بەو کارانەی فارووق مەلا مستەفا بۆ دامەزراندن و بەرەو پێشبردنی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ ئەنجامیداون.
ئاسیاسێڵ بە بیرۆکەی فارووق مەلا مستەفا دەستیپێکرد و ئێستا خزمەتگوزاری پێشێکشی زیاتر لە 16 ملیۆن بەشداربوو لە باشووری کوردستان و عێراق دەکات.
فارووق مەلا مستەفا سوپاسی دامەزراوەکەی کرد لە بەرامبەر پێشکێشکردنی خەڵاتەکە و گوتی: "هەموو بزنسمانە پێشەنگەکان هاندەدەم، بەتایبەتی گەنجانی خاوەنکار، لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانیان کاربکەن. ئەم دەستکەوتەم بەئاسانی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو دەبوایە خۆم ماندوو بکەم. گەشتەکەم بە هەبوونی خەونێک لە کەرتی پەیوەندییەکان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ ئاسیاسێڵ کۆمپانیایەکی پەیوەندییە کە چەندین خەڵاتی گەورەی بردوەتەوە و بووەتە جێگەی بایەخپێدان لەسەر ئاستی جیهان".
ئاسیاسێڵ یەکەمین کۆمپانیای خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و خزمەتگوزاریی جیاواز پێشکێشی بەشدارانی دەکات، لەوانەش خزمەتگوزارییەکانی 4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە باشووری کوردستان و عێراق.